Zafer Fatih Beyaz
04 کانوونی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 04 کانوونی یەکەم 2023
دەوحە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، لەسەر بانگهێشتی میری قەتەر، تەمیم بن حەمەد ئال سانی و بەمەبەستی بەشداری کردن لە نۆهەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیجی تورکیا-قەتەر بە فڕۆکەی تایبەتی "TC-TRK" گەیشتە دەوحەی پایتەختی وڵاتەکە.
ئەردۆغان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەمەد لەلایەن جێگری سەرۆکوەزیرانی قەتەر و وەزیری بەرگریی، خالید بن محەمەد ئال عەتیە و باڵیۆزی تورکیا لە دەوحە، مەهمەت مستەفا گۆکسو و بەرپرسانی دیکەوە پێشوازی لێکرا.
لەو سەردانەیدا هەر یەک لە ئامینە ئەردۆغانی هاوسەری سەرکۆمار و، وەزیری دەرەوە هاکان فیدان و وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان ئاڵپئەرسلان بایراکتار و وەزیری گەنجینە و دارایی مەهمەت شیمشەک و وەزیری بەرگریی تورکیا یاشار گولەر و وەزیری پیشەسازی و تەکنەلۆجیا، مەهمەت فاتیح کاجر و وەزیری بازرگانی عومەر بۆڵات و جێگری سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی و گوتەبێژی پارتەکە، عومەر چەلیک و پەرلەمانتاران، خوڵوسی ئاکار و عەئیشە کەشیر و دەریا ئایایدین و پەرلەمانتارانی مەهەپە عەبدولڕەحمان باشکان و ناجی شانلیتورک و سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆمار، فەخرەددین ئاڵتوون و گەورەڕاوێژکاری سەرکۆمار، عاکیف چاغتای کڵچ و ژمارەیەک بەرپرسی دیکە یاوەری سەرکۆمار ئەردۆغان دەکەن.
سەرکۆمار ئەردۆغان و میری قەتەر ئال سانی، دوای ئەوەی کۆبوونەوەی ڕووبەڕوویان ئەنجامدا، بەشداری دەکەن لە نۆهەمین کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ستراتیجی تورکیا-قەتەر و لە پاش واژووکردنی ڕێککەوتنی هاوبەش ئەردۆغان بەشداری لە خوانێکدا دەکات کە لەلایەن ئال سانیيەوە لەسەر شەرەفی ئامادەکراوە.