دەوحە
وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا تانەر یڵدز کە یاوەری شاندێکی تورکی دەکا بۆ قەتەر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا چەند لایەنێک هەن خوازیارن کێشە بۆ تورکیا دروست بکەن لەبارەی وزەوە و ئاشکرایکرد، ئەو نەوتە خاوەی لە هێڵی کەرکوک - یومورتاڵکەوە دەچێتە تورکیا، نەوتی بەغدا و هەولێرە، هاوکات راپۆرتی تایبەتیش هەن لەسەر ئەوەی ئەو نەوتانە لە چ کێڵگەیەکدا بەرهەم دێن.
یڵدز ئاماژەی بەوەکرد کە لە دوای کۆنترۆڵکردنی پاڵاوگەی نەوتی بێجییەوە لە لایەن چەکدارانی داعش، هەرێمی کوردستان پێویستییەکی زۆری بە سوتەمەنی هەیە.
هەروەها گوتی: "کاتێک نێچیرڤان بارزانی هاتە تورکیا، لەسەر ئەم پرسە کارمانکرد و پێمان راگەیاندن کە دەتوانین ئەو پێداویستییانەتان بۆ دابین بکەین، ئێستا هێنانی نەوت بۆ تورکیا و رەوانەکردنەوەی موشتەقاتەکانی نەوت بۆ هەرێم بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان بەردەوامە، ئەگەر پێویستی زیاتریان پێی هەبێ، ئەوە دەکرێ لە وڵاتانی دیکەوە بیهێنن، بەڵام تا بێ ئەم توانایە زیاتر دەبێ."