سەرکۆمار ئەردۆغان: "سوپاس بۆ خودا کێشە و گرفت لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بەدی ناکرێت"
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "سوپاس بۆ خودا کێشە و گرفت لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بەدی ناکرێت. پێشهاتەکان باش و لە ئاڕاستەیەکی ئەرێنییدا بەردەوامن. سەرەڕای چەند دەنگێکی ناشاز ئەو پەیامانای دەدرێن زۆر شیاو، ئەرێنی و بنیاتنەرن".

Ankara
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سوپاس بۆ خودا کێشە و گرفت لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بەدی ناکرێت. پێشهاتەکان باش و لە ئاڕاستەیەکی ئەرێنییدا بەردەوامن. سەرەڕای چەند دەنگێکی ناشاز ئەو پەیامانای دەدرێن زۆر شیاو، ئەرێنی و بنیاتنەرن".
دوای دیدار و کۆبوونەوەکانی لە شاری لاچین-ی ئازەربایجان، کە بەبۆنەی ٢٨ی ئایار، ڕۆژی سەربەخۆیی ئازەربایجان سەردانی وڵاتەکەی کرد، سەرکۆمار ئەردۆغان لە کاتی گەڕانەوەی بۆ تورکیا لە نێو فڕۆکەکەیدا بۆ ڕۆژنامەنووسان دووا.
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە وەک تورکیا و ئازەربایجان لە زۆر بواردا پەرە بە هاریکارییەکان دەدەين و، ڕایگەیاند: "وەک تورکیا و ئازەربایجان لە زۆر بواردا پەرە بە هاریکارییەکانمان دەدەین، بەتایبەت بوارەکانی بەرگریی، وزە، کشتوکاڵ و ئاژەڵداریی بە بوارە ستراتیجییەکان دەبینین".
سەبارەت بە ڕێڕەوی زەنگەزور، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "چاوەڕوانین ئێرانی دراوسێشمان پشتیوانی لەو هەنگاوانە بکات کە لە ناوچەکەماندا خزمەت بە ئارامیی، ئاشتیی و گەشەپێدان دەکەن".
سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ کرد، ڕایگەیاند: "لاڤرۆڤ ڕایگەیاند کە خوازیارن گەڕی دووهەمی گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا لە ئیستانبوڵ بەڕێوەبچێت. بەم هۆیەوە پڕۆسەی ئاشتیی ئیستانبوڵ سەرلەنوێ دەستپێدەکاتەوە".
گوتیشی: "هەم لەگەڵ ڕووسیا هەمیش لەگەڵ ئۆکراینا لە پەیوەندیداین. ئەو تاودانەی بەدەستمان هێناوە وەک دەرفەتێک بۆ ئاشتییەکی هەمیشەیی دەیبینین. پێویستە ئەم لێدوانەی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لاڤرۆڤ بە کەم وەرنەگیرێت. ئەم لێدوانە هیوای ئێمەی بۆ ئاشتیی زیاتر کردووە".
سەبارەت بە سەربەخۆیی لە بواری خۆراکدا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سەربەخۆیی تەواو لە بواری خۆراکدا پرسێکی ئاسایشی نیشتمانییە. ئێمەیش بە هەموو توانامانەوە کار دەکەین بۆ ئەوەی تورکیا بکەینە ناوەندێکی بەرهەمهێنان".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە دەستووری نوێ کرد و، ڕایگەیاند: "دەستوورێکی نوێ و مەدەنی بەڵێنێکە و بە گەلەکەمانمان داوە. پاشەکشە کردن لەمە نییە".
ڕاشیگەیاند: "دەمانەوێت دەقێک بێت کە خاڵی بێت لە شوێنەواری وەسایەت، ڕەوایەتیی دیموکراسی بەهێز بکات، ماف و ئازادییەکان بپارێزێت. لێرەدا بەدوای فراوانترین ڕێککەوتندا دەگەڕێین. بەداخەوە جەهەپە لەم پرسەشدا هەڵوێستی هەمیشەیی خۆی کە دەڵێت 'ئێمە نامانەوێت' نیشاندا. ئەگەر جەهەپەش هەڵوێستێکی ئاشتەواییانە بەیان بکات، ئێمە بۆچی لەگەڵیان کار نەکەین، کاردەکەین، بەڵام بەداخەوە هەڵوێستێکی لەو جۆرە جێگەی باس نییە".
سەرکۆمار ئەردۆغان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە دەستووریان بۆ ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی دەوێت و ، ڕایگەیاند: "ئێمە دەستووری نوێمان بۆ ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی دەوێت نەک بۆ تەیب ئەردۆغان".
گوتیشی: "ئەمڕۆش و سبەینێش هەر گوێ لە گەلەکەمان دەگرین. ئاڕاستەمان لەسەر ئەو ڕێچکەیەی ئەوان دیاری دەکەن دادەنێین".
سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکی گشتیی مەهەپە، دەوڵەت باخچەلی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سوپاسی بەڕێز باخچەلی دەکەم بۆ ئەو گوتانەی لەبارەی منەوە کردوونی. بەڕاستی زۆر دڵخۆش بووم و هەستم بە شانازی کرد".
دەربارەی هەولەکان لە بواری وزەدا، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "وەک حکوومەتێک کە لە بواری وزەدا تورکیای بە مزگێنیە مێژووییەکان ئاشنا کردووە، مزگێنی نوێمان دەبێت".
ڕاشیگەیاند: "دۆزینەوەی ٧٥ ملیار مەتری سێجا غازی سروشتی، بەرهەمی ئەو کارە چڕ و پلان بۆ داڕێژراوانەیە کە لە دەریای ڕەشدا بەردەوام ئەنجاممانداون".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لە ڕێککەوتنی پترۆلیۆمی تورکیا لەگەڵ پاکستان کرد و، ڕایگەیاند: "پترۆلیۆمی تورکیا لەبارەی گەڕان لە دوو کێڵگەی وشکانییدا لە پاکستان گەیشتە ڕێککەوتن. لە بواری گەڕان لە دەریاکانیشدا ڕێککەوتین و لەم نزیکانە دەست پێ دەکەین".
هاوکات سەرکۆمار ئەردۆغان ئاماژەی بە پاڵپشتییەکانی حکوومەت کرد بۆ پێکهێنانی خێزان و گەشەی تەندروستی دانیشتووان و، ڕایگەیاند: "لە پێناو کردنەوەی ڕێگا بۆ هاوسەرگیریی بەختەوەر و دەستەبەرکردنی گەشەیەکی تەندروستی ژمارەی دانیشتووان، پاڵپشتییەکان زیاد دەکەین".
گوتیشی: "بەتایبەتیش داکشانی ڕێژەی منداڵبوون لێدانی زەنگی مەترسی نیشان دەدات. ناتوانین گوێ لە ئاست ئەمەدا دابخەین".
سەبارەت بە پاراستنی خێزان و بەهاکانی، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "زیاتر لە تواناکانمان هەوڵ دەدەین بۆ پاراستنی خێزانەکانمان لەو لادان و خووڕەوشتە خراپانەی کۆمەڵگاکان ڕاپێچی کارەسات دەکەن و خێزانەکان هەڵدەوەشێننەوە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا لە بارەی ئەوەی کە ئایا ڕێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە دەستیکردووە بە دانانی چەک؟ پەیوەست بەمە ڕاگەیاندراوەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە دوای بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و پێشهاتەکان چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ هەر پەیوەست بەمە ئاستی پەیوەندییەکانی هەسەدە و دیمەشق چۆن هەڵدەسەنگێنن؟ سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "بە دڵنیاییەوە پێویستە یەکپارچەیی خاکی سووریا، پێکهاتەی یەکگرتوویی و یەکێتیی نیشتمانییەکەی بپارێزرێت. پێشتر ڕامانگەیاندبوو بە ئەرێنی پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەین کە کراوە، بەڵام دەبینین هێزەکانی سووریای دیموکرات هێشتا بەردەوامن لەسەر تاکتیکەکانی کات کوشتن. پێویستە دەستبەرداری ئەمە بن. زۆر لە نزیکەوە چاودێریی جێبەجێ کردنی ئەو بڕیارانە دەکەین کە دەرکراون. ئەوەی گرنگە بەڵێنەکان بەپێی ئەو خشتەی کاتییەی لە ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، جێبەجێ بکرێن. گفتوگۆکانمان لەگەڵ سەرکۆماری سووریا، بەڕێز ئەحمەد شەرع لەم چوارچێوەیەدا بوون. سوپاس بۆ خودا کێشە و گرفت لە پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆردا بەدی ناکرێت. پێشهاتەکان باش و لە ئاڕاستەیەکی ئەرێنییدا بەردەوامن. سەرەڕای چەند دەنگێکی ناشاز ئەو پەیامانای دەدرێن زۆر شیاو، ئەرێنی و بنیاتنەرن. بێگومان لە هەر قۆناغێکی نوێدا، لەگەڵ هیواکانماندا ئەرکیشمان زیاد دەکات".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن