توركيا, جيهان

سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئامانجی سەرەکیمان دوور ڕاگرتنی وڵاتەکەمانە لەو ئاگرە"

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان: "ئامانجی سەرەکی ئێمە دوور ڕاگرتنی وڵاتەکەمانە لەو ئاگرە. گەرەنتی ئاسایشی تورکیا و ئارامی ٨٦ ملیۆن کەس پێشینەمانە".

Mümin Altaş  | 09.03.2026 - نوێکردنەوە : 09.03.2026
سەرکۆمار ئەردۆغان: "ئامانجی سەرەکیمان دوور ڕاگرتنی وڵاتەکەمانە لەو ئاگرە"

Ankara

ئەنقەرە - AA

سەرکۆمار ئەردۆغان وێڕای ئاماژەکردن بە جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا دژ بە ئێران، ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیان دوور ڕاگرتنی وڵاتەکەیانە لەو ئاگرە و گوتیشی: "پێشوازی لە هەڵوێستی برایانمان لە هەرێمی کوردی عێراق دەکەین، لە ناخی دڵەوە لەو باوەڕەداین کە ئەوان فریوی ئەو یارییە ناخۆن".

سەرکۆماری تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماری لێدوانی بۆ میدیاکان دا.

سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند کەلە کۆبوونەوەی کابینەی سەرکۆماریدا لەبارەی لێکەوتەکانی قەیرانی ئێران قسەیان کردووە و گوتی: "لێکەوتەکانیمان لە ئاستێکی بەرفراوانی ئابووری و بازرگانی تا ئاسایشی سنوورەکان تاوتوێ کرد. لە ٢٨ی شوباتەوە هەموو دامودەزگاکانمان لە ئامادەباشی دان. هەموو ئەرکانی دەوڵەت لە هەڵمەتێکی سەرانسەری دان".

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "ئامانجی سەرەکی ئێمە دوور ڕاگرتنی وڵاتەکەمانە لەو ئاگرە. گەرەنتی ئاسایشی تورکیا و ئارامی ٨٦ ملیۆن کەس پێشینەمانە. بە هیچ شێوەیک نە دەوڵەتەکەمان و نە حکوومەتەکەمان دەستەوەستان نەماوەتەوە. شوکور بۆ خوا کۆماری تورکیا لە هەموو بوارێکدا بەهێزە و توانای بەرەنگاربوونەوەی هێرشەکان و شکاندنی ئەو دەستە چەپەڵانەی هەیە کە وەک هەڕەشە درێژ دەکرێن".

سەرکۆمار ئەردۆغان هەروەها بۆ سەرۆکی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل گوتی: "ئەوانەی کە خواستی سیاسی خۆیان لە داهاتووی گەلەکە بە گرنگتر دەزانن، ئەوە نە لە لای ئێمە و نە لەلای گەلەمان بە هیچ شێوەیەک متمانەیان نییە. سەرکۆمار ئەردۆغان: "بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی کردەوەیە. لایەنی کەم تا ئەو کاتەی کە وڵاتەکەمان لەم مەترسییە ڕزگاری دەبێت، پێویستە بە عەقڵی سەلیم بجولێینەوە".

سەرکۆمار ئەردۆغان بەو شێوەیە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو:

"تورکیا لە قەیرانی ئێراندا لە پاڵ ماف، دادپەروەری، یاسای نێودەوڵەتی و ئاشتی و سەقامگیری وەستاوە و لایەنگری چارەسەری کێشەکەیە بە ڕێگەی دیالۆگەوە. هێرشی ئەمریکا-ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە هەمان ڕۆژی یەکەمەوە لە دیپلۆماسییەکی چڕ داین. بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە لەگەڵ ١٦ سەرکردەدا گفتوگۆمان کرد. بە هۆی ئەو هەنگاوانەی کە وەک ڕێکار گرتوومانە بەر، بازارەکانی ئێمە بە شێوەیەکی تەندروست بەردەوامن لەسەر چالاکییەکانیان".

لەبارەی دۆخی ئابووری وڵاتیش سەرکۆمار ئەردۆغان گوتی: "دەستەی بەڕێوەبەری بازارەکانی سەرمایە و بۆرسەی ئیستانبوڵ بە خێراییەکی تەواوەوە، ڕێکاری یاساییان بۆ گەرەنتی بازارەکە گرتووەتە بەر. بەهۆی وەبەرهێنانەکان و ڕێککەوتننامەکان کە لە بواری وزەدا واژوومان کردووە، تووشی هیچ مەترسییەک نابین. یەدەگی بانکی ناوەندیمان ٢٠٠ ملیار دۆلارە و سیستەمی داراییمان بە پێکهاتە و نەختینەکەیەکی بەهێز، توانای ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو مەترسییەکی هەیە. لەو باوەڕەداین کە پەنا بە خوا لە وڵاتەکەماندا هیچ کێشەیەکمان لە بواری بەروبوومی کشتوکاڵی و ئاسایشی خۆراکدا نابێت".

سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "لە هەر سێ دەروازەی سنووریمان لەگەڵ ئێران، هیچ کێشە و یان قەرەباڵغییەک بوونی نییە. بە ڕێگەی فڕۆکە F-16ەکان، فڕۆکەکانی هۆشداریپێدەر و سووتەمەنیدەرەکان، لە ٢٤ کاتژمێری حەوت ڕۆژی هەفتەدا هەڕەشەکان بۆ سەر وڵاتەکەمان چاودێری دەکەین".

سەرکۆماری تورکیا لەبارەی پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆریشەوە گوتی: "لە دووپاتی دەکەمەوە بەهێزەوە ڕووبەڕووی هەر سیناریۆیەک دەبینەوە کە ڕەوتی 'تورکیای بێ تیرۆر' بەلارێدا دەبەن و زیان دەگەیەننە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، کەس حیساباتی هەڵە نەکات. نابێ بکەوینە داوی تۆڕی تاوانکاری زایۆنیزمەکان کە برا بکەوێتە بەرامبەر برا".

لە کۆتاییدا سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پێشوازی لە هەڵوێستی برایانمان لە هەرێمی کوردی عێراق دەکەین، لە ناخی دڵەوە لەو باوەڕەداین کە ئەوان فریوی ئەو یارییە ناخۆن".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın