Mohamed Majed
31 تەمووز 2024•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2024
غەززە ــ AA
سەرکردە لە بزووتنەوەی حەماس، سامی ئەبو زەھری ڕایگەیاند، ئیسرائیل تەقەی لە خۆی کردووە، نەک سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس، ئیسماعیل ھەنییە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە تارانی پایتەختی ئێران، تیرۆرکراوە.
سامی ئەبو زەھری لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەبێت سوپای داگیرکار باش ئەوە بزانێت کە تەقەی لەخۆی کردووە، نەک لە ئیسماعیل ھەنییە".
ڕاشیگەیاند: "سوپای داگیرکار دەیەوێت ئیرادەی بزووتنەوەی حەماس و گەلی فەڵەستین بشکێنێت، بەڵام حەماس ئایدۆلۆژیایە و شەھیدبوونی سەرکردەکانی ئەم ئایدۆلۆژیایە ڕاناگرێت".
باسی لەوەش کرد: "حەماس لەگەڵ ھەر دڵۆپێک خوێن کە بۆ ئازادی ئەم خاکە دەڕژێت، گەشە دەکات و خوێنی سەرکردەکانیش لە خوێنی منداڵانی گەلەکەمان زیاتر نییە".
گوتیشی: "ئێمە ئامادەین باجی گەورە لە پێناو ڕزگارکردنی قودس بیدەین و ئەم ڕێگایەش تەنھا بە ڕزگارکردنی قودس کۆتایی دێت".
ناوبراو ئەوەشی دووپات کردەوە: "تیرۆرکردنی ئیسماعیل ھەنییە، ئامانجەکانی داگیرکار بەدی ناھێنێت، ھەروەھا داگیرکار ناتوانێت حەماس ناچار بکات، بۆ ئەوەی خۆی بە دەستەوە بدات، بەو پێیەی حەماس تا کۆتایی لەسەر ئەم ڕێگایە بەردەوام دەبێت".