Zana Natık Kerem
15 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 تشرینی دووەم 2020
قودس ــ AA
سەرکردەکانی ئیسرائیل ھەڕەشەی ئەوەیان لە بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی کرد ئەگەر بەردەوام بێت لە ئاراستەکردنی مووشەک لە کەرتی غەززەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئەوا باجێکی قورس دەدەن.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو لە میانی کۆبوونەوەی ھەفتانەی حکوومەتەکەیدا گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل، گورزی لە ژێرخان و ئامانجەکانی سەربە حەماس لە کەرتی غەززە وەشاند".
بێنیامین ناتانیاھو لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر ئەوەی نووسیووە "بەھیچ شێوەیەک ھێرشکردنە سەر دەوڵەتی ئیسرائیل و ھاووڵاتییانی قبوڵکراو نییە".
راشیگەیاندووە "وردەکاری سەبارەت بە پلان و ئۆپەراسیۆنەکانمان ئاشکرا ناکەم".
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو لە تویتەکەیدا ھەڕەشەی لە گرووپەکانی فەڵەستین لە کەرتی غەززە کردووە و نووسیوویەتی "لە بەرامبەر بەردەوامیدان بە ھێرشەکانتان بۆسەر ئیسرائیل، باجێکی زۆر قورس دەدەن".
لای خۆیەوە وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بینی گانتس رایگەیاند کە بزووتنەوەی حەماس بەرپرسە لە ئاراستەکردنی مووشەک لە کەرتی غەززەوە بۆسەر ئیسرائیل.
بینی گانتس لە لێدوانیێکدا بۆ رادیۆی سوپای ئیسرائیل گوتی: "شەوی رابردوو رەوشی باشووری ئیسرائیل ئارام نەبوو، ئەو لایەنەی کە بەرپرسە لە تێکدانی رەوشەکە، تەنھا بزووتنەوەی حەماسە، بۆیە ئەگەر حەماس رەوشەکە ھێور نەکاتەوە، ئەوا ئەنجامێکی خراپی دەبێت بۆسەر سەرکردەکانی و دانیشتوانی کەرتی غەززە ".
ھەروەها وەزیری ھەواڵگریی ئیسرائیل، ئیلی کوھین گوتی: "لە روانگەی ئێمەوە، بزووتنەوەی حەماس بەرپرسە لە تێکدانی رەوشەکە، ئەوەی رێنمایی داوە سەبارەت بە ئاراستەکردنی مووشەک بۆسەر ئیسرائیل، باجێکی قورس دەدات".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو کە دوو مووشەک لە کەرتی غەززەوە، ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کراون.
لە وەڵامدانەوەی ئاراستەکردنی ئەو دوو مووشەکەدا، سوپای ئیسرائیل ژمارەیەک خاڵی لە کەرتی غەززە بۆردومان کرد.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک لە کەرتی غەززە بەرپرساریەتی خۆی لە ئاراستەکردنی دوو مووشەکەکە بۆسەر ئیسرائیل رانەگەیاندووە.