سێنتکۆم: "لە تەممووزەوە ٨٠ ئۆپەراسیۆن دژ بە تیرۆر لە سووریا ئەنجام دراوە"
Ankara
ئەنقەرە - AA
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) لەگەڵ هاوبەشەکانی لە سووریادا، لە دەستپێکی مانگی تەممووزەوە ٨٠ ئۆپەراسیۆنیان دژ بە تیرۆر ئەنجام داوە.
سێنتکۆم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لەبارەی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە سووریا زانیاری بڵاو کردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە کە، ئەمریکا و هاوبەشەکانی لە سووریا دژ بە پاشماوەکانی تیرۆریستان لەوانەش داعش، ٨٠ ئۆپەراسیۆنی جیاجیایان ئەنجام داوە و لە میانیدا ١١٩ تیرۆریست دەستگیر و ١٤ش کوژراون.
هەروەها ڕاشيگەیاندراوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکاندا، لە مانگی ڕابردوو زیاتر لە ١٥ کۆگای چەک و تەقەمەنی تیرۆریستان دەستنیشان و لەناو براوە و هاتووە، لەو چوارچێوەیەدا نزیک بە ١٣٠ گوللە تۆپ، هاوەن، ژمارەیەک چەک، بۆمب و ماددەی تەقەمەنی دەستی بەسەردا گیرا و لەناو براوە.
سێنتکۆم هەروەها ئاشکراشی کردووە کە لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە هێزەکانیان لە مانگی ئەیلوول ئەنجامیان داوە، بەناو ئەندامێکی پلە باڵای داعش کە سەرقاڵی ئامادەکاریی بووە بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئەمریکا بە ناوی "عومەر عەبدولقادر"، کوژراوە.
لە بەیاننامەکەی فەرماندەیی هێزەکانی ناوەندی ئەمریکا هەروەها زانیاری لەبارەی کوژرانی سەرکردەیەکی دیکەی داعش بە ناوی زیا موسلح بڵاو کراوەتەوە کە لەگەڵ دوو کوڕی کوژراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو کەسانە هەڕەشە بوون بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان و هەروەها دەوڵەتی سووریا.
جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەرەتا ئەمساڵەوە هەوڵی داوە ١١ کردەوەی دژ بە هێزەکانی ئەمریکا ئەنجام بدات.
لە بەیاننامەکەدا لێدوانێکی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) براد کۆپەر بڵاوکراوەتەوە کە جەختی لەوە کردووەتە کە ئۆپەراسیۆنەکان بۆ ڕێگری لە زیندووبوونەوەی داعش و درووستبوونی هەڕەشەی نوێی، بەردەوام دەبێت.
کۆپەر ڕاشیگەیاندووە کە هاوکاری دەوڵەتی سووریا دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی داعش و درێژە دەدەن بە هاوکارییەکان لەگەڵ هاوبەشەکانیان بۆ دەستگیرکردنی شانەکانی داعش و نەهێشتنی هەڕەشەکانی رێکخراوەکە.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
