سوپای سووریا بنکەی شەدادی لە سوپای ئەمریکا وەرگرتەوە
- بنکەی سەربازیی شەدادی سەربە پارێزگای حەسەکە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا، دوای کشانەوەی لە لایەن سوپای ئەمریکاوە، ڕادەستی هێزەکانی سووریا کرایەوە.
Syria
سووریا ــ AA
وەزارەتی بەرگریی سووریا ڕایگەیاند کە بنکەی شەدادی سەربە پارێزگای حەسەکە باکووری ڕۆژھەڵاتی ئەو وڵاتە لە ھێزەکانی ئەمریکا، وەرگرتووەتەوە.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی سووریا "سانا" لە بەشی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی سەربە وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکەی گواستووەتەوە کە ھێزەکانی سوپای ئەمریکا لە بنکەی شەدادی کشاونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە کە دوای پڕۆسەی کشانەوەکە، سوپای سووریا بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھیزەکانی ئەمریکا، بنکەی شەدادی وەرگرتووەتەوە، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر لەوبارەیەوە بخاتەڕوو.
بنکەی شەدادی بە یەکێک لە گرنگترین خاڵە ستراتیژییەکان لە ناوچەی جزیرەی سووریا دادەندرێت، چونکە پارێزگاکانی حەسەکە و دێرازۆر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
ھێزەکانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠١٦وە لە بنکەی شەدادی جیگیربوون و بنکەکەیان بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکانی دژبە داعش و پاراستنی کێڵگە نەوتییەکان لە ناوچەکە بەکاردەھێنا.
