شرۆڤەكاری ئەمنیی و ستراتیژیی عێراق هیشام ئەلهاشمی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەبارەی جوگرافیای ئەو ناوچانەی بەدەست داعشەوەیە رایگەیاند: "داعش لەسەرەتاوە توانی رێژەی 32 لەسەدی خاكی عێراق كۆنتڕۆڵبكات، لەو رێژەیە 15 لەسەدی شوێنی نیشتەجێبوون بوو، واتە شار و گوند و ئەو شوێنانە بوو، رێژەی 17 لەسەدی ئەو رووبەرەش شوێنی نیشتەجێبوون نەبوو".
گوتیشی: " لەئێستادا بەپێی دوایین نوێكردنەوەی نەخشە سەربازییەكان چەكدارانی داعش تەنها 20 لەسەدی جوگرافیای عێراقییان بەدەستەوە ماوە، ئەوەی شوێنی نیشتەجێبوونە لەو رێژەیە تەنها 5 لەسەد دەبێت، 15 لەسەدی دیكەش شوێنی نیشتەجێبوون نییە".
سەبارەت بە هۆكاری لەدەستدانی ئەو ناوچانە لەلایەن داعشەوە ئەلهاشمی بەئەنادۆڵوی گوت: "سێ هۆكاری سەرەكی هەن، ئەوانیش ستراتیژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بە لێدانی داعش، شكاندنی بەرگریی ئەوان لەرووی سەربازیی و ئابوورییەوە كە وایكرد رێکخراوەکە لە هێزێكی هێرشكارەوە ببێتە بەرگریكار و هێدی هێدی ناوچەکان لەدەستدەدات، هەروەها ئەو شوێنانەی خەڵكی لێ نیشتەجێیە، هەموو دانیشتوانەکەی لەگەڵ داعش نیین و بێزارن لە سیاسەتەكانی، ئەوەش وایكردووە زانیاریی سەبارەت بە چەکدارانی داعش بەهاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی، پێشمەرگە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بدەن. هۆكاری سێهەم ئەوەیە هێزەكانی عێراق مەشقیان پێدەكرێت و دەتوانن زیان بەداعش بگەیەنن و هێرشبكەن".
داعش دوای كۆنتڕۆڵكردنی شارەكان 31 ویلایەت "پارێزگا"ی پێكهێنا، لەوانە هەشتیان لە عێراق ئەوانیش ویلایەتەكانی "نەینەوا، كەركووك، ئەنبار، سەڵاحەدین، باكووری بەغدا، باشوور، جەزیرە و دیجلە''، هەشت ویلایەتی دیكەش لە سووریا ئەوانیش هەریەک لە ویلایەتەكانی ''رەققا، خێر، حەلەب، دیمەشق، حومس، حەما، بادییە و فورات''ن، لەپاڵ ئەوانەشدا سێ ویلایەتی لە یەمەن بەناوەکانی ''عەدەن، حەزرەمۆت و شبوە'' پێكهێنا، لە سعوودیەش ویلایەتەكانی ''نەجد، حیجاز و بەحرێن''، لە قەوقاز هەردوو ویلایەتی ''داغستان و شیشان''، هاوكات لە ئەفغانستان و پاكستانیش ویلایەتی ''خوراسان''، لە میسر ویلایەتی ''سینا''، لە لیبیا ویلایەتەكانی ''بەرقە، تەرابلوس و فەزان''، هەروەها ویلایەتی ''جەزائیر'' و لە كۆتاییشدا ویلایەتی نێجیریای پێکهێنا.
دەوڵەتەكەی داعش لە ویلایەتەکان پێکدێت كە ئەوانیش لە چەند كەرتێك و هەر كەرتێكیش لە چەند شارێك پێكدێت، ویلایەت والییەك سەرپەرشتی دەكات، چەند بەرپرسێكیش بە پلەی ئەمیر هاریكارییدەكەن.
لە هاوینی 2013دا داعش رققەی كۆنتڕۆڵكرد، شاری خان عەسەلی لە حەلەب و فڕۆكەخانەی سەربازیی منگیشی گرتەدەست. دیارترین دروشمەكانی رێکخراەکە لەدوای ''خەلافەتێك لەسەر پەیڕەوی پێغەمبەر''، بریتیبوو لە "دەوڵەتی ئیسلامی دەمێنێتەوە و فراوان دەبێت"، كە مەبەست لێی كۆنتڕۆڵكردنی شوێنی زیاترە، بەڵام ئەم دروشمە هەر چەند مانگێك بەرگەی گرت و تا دێت بەرەو پووكانەوە دەچێت.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دوای کۆنترۆڵکردنی هەردوو شاری رەققا لە سووریا و فەللوجە لە عێراق ترسێكی ئەوتۆی لێنەنیشت، بەڵام هەواڵەكانی بەرەبەیانی 10ی حوزەیرانی 2014 جیهانی تووشی شۆككرد، كاتێك بڵاوبوویەوە نزیكەی 60 هەزار سەرباز و چەكداری هێزە ئەمنییەكانی نەینەوا لەبەرامبەر نزیكەی 400 چەكداری داعشدا مووسڵ "دووەم گەورەترین شاری عێراق"یان چۆڵكردووە و لەو پارێزگایە هەڵاتوون، هەرچی چەكی ئەمریكاش هەیە كە بایی پتر لە 10 ملیار دۆلار بوون بەئاسانی كەوتنە دەستی داعش، ئێستاشی لەگەڵدا بێت شارەكە پایتەختی داعشە و بەدەست ئەوانەیەوە.
هیشام ئەلهاشمی لە درێژەی قسەكانیدا بە ئانادۆڵوی راگەیاند: " داعش توانای كۆنتڕۆڵكردنی ناوچەکانی لەدەستداوە و بیری لێناكاتەوە، داعش كە لەرووی سەربازییەوە دەڕووخێت مانای ئەوە نییە كە لەرووی ئەمنیشەوە شکشت دەهێنێت، بۆیە هەوڵی پشتبەستن بە تەقینەوە و خۆكوژ دەدات لەئێستادا".
سەبارەت بە ژمارەی چەكدارانی رێکخراوەکە، ناوبراو باس لەوەدەكات بەدەیان هەزار چەكداری داعش كوژراون لە رابردوودا گوتی:" داعش بەتەنها لە عێراق لە نێوان 45 بۆ 47 هەزار چەكداری لەدەستداوە، لە ئێستاشدا لەعێراق لەنێوان حەوت بۆ هەشت هەزار چەکداری هەیە، لە سووریاش ژمارەی چەكدارانی لە 20 هەزار كەس زیاتر نابن".
10 حوزەیرانی 2014 داعش مووسڵی گرت، سنووری نێودەوڵەتیی نێوان سووریا و عێراق، بەگشتی لە عێراق و سووریاش چەندین شاری گرنگ كەوتنە ژێر قەڵەمڕەویی داعشەوە لە سەرەتای 2014ەوە لەوانە:
- تكریت، سەنتەری پارێزگای سەڵاحەدین ئەو شوێنەی سەدام حوسێنی تێدا لەدایكبووە، لە 11ی حوزەیرانی 2014.
-12ی حوزەیرانی 2014 دا 10 شارۆچكەی پارێزگای سەڵاحەدین.
- 15ی حوزەیران تەلەعفەر.
-21ی حوزەیرانی 2014 داعش شارۆچكەی قائیمی سنووریی لەگەڵ سووریا و سێ شارۆچكەی دیكە و پاڵاوگەی بێجی كۆنتڕۆڵكرد.
-3ی ئاب داعش دەستی گرت بەسەر شنگال و زوماردا لە پارێزگای نەینەوا.
- 22ی سێپتەمبەر داعش دەستی بەسەر شارۆچكەی سەقڵاوییە لە ئەنباردا گرت و هێرشی كیمیاویی بە غازی كلۆر كردە سەر سوپای عێراق و 300 سەربازی كوشت.
-11ی تشرینی دووەمی 2014 داعش شارۆچكەی گرێ سپیی لە سووریا كۆنتڕۆڵكرد.
- 13ی ئایاری 2015 چەكدارانی داعش شارۆچكەی سخنەیان لە سووریا كۆنتڕۆڵكرد
-17ی ئایاری 2015 داعش رومادی كۆنتڕۆڵكرد.
-20ی ئایار 2015 شاری تەدموری گرت و شوێنەوارەكانی وێرانكرد.
-22ی ئایار 2015خاڵی سنووری وەلید لەنێوان عێراق و سووریا لەلایەن داعشەوە كۆنتڕۆڵكرا.
- داعش لە یەكی كانوونی دووەمی 2015 شارۆچكەی مهینی لە ریفی حومس كۆنتڕۆڵكرد.
لەدوای ئەوەی زیاتر لە نیوەی خاكی سووریا و 40 لەسەدی خاكی عێراق لە ساڵی 2014 و سەرەتای 2015 كەوتنە ژێر دەستی داعش، دواتر هێرشەكان بەهاوكاری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژ بەداعش لە ئاسمانەوە دەستیپێكرد و ئەو شارانەشی لەدەستی داعش دەرهێنران بریتیین لەمانە كە بەشێكیان باسكراون:
-31ی ئاداری 2015 شاری تكریت رزگاركرا.
-16ی حوزەیرانی 2015 شارۆچكەی گرێ سپی لە سووریا رزگاركرا.
-26ی حوزەیرانی 2016 قەزای فەللوجە رزگاركرا.
-13ی تشرینی دووەمی 2015 قەزای شنگال رزگاركرا
- 9ی شوباتی 2016 رومادی رزگاركرا، شارۆچكەی ئەبو غرێب و ناحییەكانی كوبێسە و روتبەش لە ئەنبار لەم مانگەدا رزگاركران.
-19ی شوبات 2016 شارۆچكەی شەدادی لە سووریا رزگاركرا -27ی ئادار 2016 شاری تەدموری شوێنەواری لە سووریا رزگاركرا.
-12ی ئاب 2016 شارۆچكەی منبج لە سووریا رزگاركرا.
-24ی ئابی 2016 ناحیەی گەیارە لە باشووری مووسڵ رزگاركرا.
-12ی شوباتی 2015 داعش شارۆچكەی دیجلەی لە نزیك سامەڕا لەدەستدا، رۆژێك دواتر ناحییەی بەغدادیشی لەدەستدا.
-21ی ئایاری 2015 روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند داعش 50 لەسەدی خاكی سووریای بەدەستەوەیە.
لەبارەی ئەو خاكەی داعش لەدەستی داوە لەماوەكانی رابردوودا، شرۆڤەكاری ئەمنیی و ستراتیژیی عێراقی فازل ئەبو رەغیف لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "داعش پێشتر رێژەی 42 لەسەدی خاكی عێراقییان بەدەستەوەبوو، پارێزگایەكی گەورەی وەكو ئەنبار كە یەك لەسەر سێی خاكی عێراق دەبێت هەموویان بەدەستەوە بوو، هەروەها چەندین ناوچەی وەكو پارێزگای نەینەوا، بەشێك لەناوچەكانی پارێزگاكانی سەڵاحەدین و دیالە و كەركووكیش، بەڵام ئێستا داعش زیاتر لە 12 لەسەدی خاكی عێراقی بەدەستەوە نەماوە".
سەبارەت بە هۆكارەكانی پاشەكشەكردنی داعشیش دەڵێت: "چەندین فاكتەر هەیە، فاكتەری لێدان و پاككردنەوە و هێرشكردنە سەریان لەلایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی و هێزە عێراقییەکان، هەروەها گەڕانەوەی بەشێك لەسەركردەكانیان بۆ وڵاتانی خۆیان، دوای ئەوەی توركیا هەستیكرد كە مەترسیی داعش هەیە دەستیكرد بەهێرش و چەندین ناوچەی لێ پاككردنەوە".
گوتیشی داعش لە شەڕەكاندا ئێستا پشت بە چوارگۆشەی رەش دەبەستێت كە ئەوانیش ئۆتۆمبیلی بۆمبڕِێژكراو، بۆمبی چێنراو، خۆكوژ، مووشەكن.
بەپێی ئامارێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمز ژمارەی ئەو شوێنانەی داعش كۆنتڕۆڵیكردبوون لە رۆژی دامەزراندنییەوە بریتیبوون لە 126 شوێنی سەربازیی و مەدەنی لە هەردوو وڵاتی سووریا و عێراق و 56ی لەو پێگانەی لەئێستادا لەدەستداوە. حەیدەر عەبادی بەمدواییانە رایگەیاند تەنها 14 لەسەدی خاكی عێراق لەدەستی داعشدا ماوە، ئەوە لەكاتێدایە سەنتەری جاینی بریتانی بۆ توێژینەوە رایگەیاند لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داعش 12 لەسەدی خاكی لە سووریا و عێراقی لەدەستداوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

