Kasım İleri
30 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 01 تەمووز 2022
واشنتۆن – AA
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند کە هێزی دیکە بە شێوەی درێژمەودا لە ژمارەیەک وڵاتی ئەورووپی بە تایبەت لە پۆڵەندا، رۆمانیا و وڵاتانی بەڵقان جێگیر دەکات.
دوای ئەوەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە لووتکەی ناتۆ لە مەدرید ئاماژەی بەوە دا کە بە مەبەستی پشتیوانیکردنی ئەورووپا لە رووی ئەمنییەوە هێزی دیکەی وڵاتەکەی بە شێوەی درێژخایەن لە ئەورووپا جێگیر دەکات، پنتاگۆن زانیاریی نوێی لەبارەی ئەم هەنگاوانە خستە روو.
بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی پنتاگۆن بڵاوی کردووەتەوە ئەمریکا یەکەیەکی پێشکەوتووی فەرماندەیی پێنج، یەکەیەکی هێزە وشکانییەکان و لیوایەکی پشتیوانی مەیدان لە پۆڵەندا جێگیر دەکات.
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوەیش دراوە کە بەمەبەستی پشتیوانیکردنی رۆمانیا و وڵاتانی بەڵقان و بەهێزکردنی توانای بەرگریی ئەو وڵاتانە، پنتاگۆن بەردەوام دەبێت لە جێگیرکردنی هێزی دیکە لەوێ.
پنتاگۆن ئاماژەی بەوەیش داوە کە جێگیرکردنی یەکەکانی زیاد دەکات لە ئیسپانیا، بەریتانیا و ئەڵمانیا.