Gülşen Topçu,Muhammet Ali Kemal
12 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2018
غەززە - AA
لە هێرشی سوپای ئیسرائیلدا بۆ سەر کەرتی غەززەی گەمارۆدراو، حەوت فەڵەستینی کوژران و حەوتی دیکەش برینداربوون. سوپای ئیسرائیل ئاشکرایکرد لە ئەنجامی پێکدادانەکاندا سەربازێکیان کوژراوە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین، ئەشرەف قودرە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە لە هێرشێکدا بۆ سەر سنوورەکانی خۆرهەڵاتی شاری خان یونس، حەوت فەڵەستینی کوژراون و حەوتی دیکەش برینداربوون.
ئاشکراشیکردووە وەزارەتەکەیان سەرجەم تیمەکانی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.
هاوکات لە ئەنجامی پێکدادانێکدا کە بە هۆی هێرشی ئێوارەی دوێنێی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر باشووری کەرتی غەززە، کەوتووەتەوە، سەربازێکی ئیسرائیلی کوژراوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن سوپای ئیسرائیلەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "هێزە تایبەتەکانی سەربە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ سەر کەرتی غەززە ئەنجامداوە و لەو پێکدادانەی هاتووەتە ئاراوە، سەربازێک کوژراوە و سەربازێکی دیکەش بەسووکی برینداربووە".
گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ئەڤیخای ئێدرئی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوەکرد لە کەرتی غەززەوە ١٠ مووشەک ئاراستەی ئیسرائیل کراوە و دووان لە مووشەکەکان لە لایەن سیستمی بەرگریی قوبەی ئاسنینەوە خراونەتە خوارەوە.
تا ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئاراستەکردنی مووشەکەکان لە غەززەوە، لە ئەستۆ نەگرتووە.