Ruslan Rehimov
08 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2020
باکۆ - AA
سەرکۆماری ئازەربایجان، ئیلھام عەلییێڤ رایگەیاند کە سوپای وڵاتەکەی، شاری شوشە هێمای قەرەباغ-ی لەدەست داگیرکاریی ئەرمینیا رزگارکردووە.
لە گوتارێکی نیشتمانییدا، عەلییێڤ مزگێنی رزگارکردنی شوشە-ی راگەیاند کە ٢٨ ساڵە لەژێر داگیرکاریدایە.
ئیلهام عەلییێڤ سەرەتا سەردانی گڵکۆی سەرکۆماری کۆچکردووی وڵاتەکەی، حەیدەر عەلییێڤ-ی کرد و، تاجەگوڵینەی لەسەر مەزارەکەی دانا. لەوێ مارشی نیشتیمانی لێدرا و ساتێک بۆ رێزگرتن وەستان. عەلییێڤ کە جلوبەرگی سەربازیی پۆشی بوو، هاوسەرەکەی میهرەبان عەلییێڤ یاوەری دەکرد.
دوای سەردانکردنی خیابانی شەهیدانی باکو کە شەهیدانی ٢٠ی کانوونی دووەمی تێدا بەخاک سپێردراوە، عەلییێڤ گوتاری نیشتمانیی پێشکەش کرد.
عەلییێڤ پیرۆزبایی رزگارکردنی شاری شوشە-ی لە گەلەکەی کرد لە لایەن سەربازانی ئازەربایجانەوە و، رایگەیاند: "ئەمڕۆ لە مێژووی ئازەربایجاندا وەک رۆژێکی گرنگ دەمێنێتەوە. شوشە پێگەیەکی گرنگیی هەیە لە مێژووی ئازەربایجاندا. شوشە مرواری هەموو قەوقازە نەک تەنیا ئازەربایجان. دوای ٢٨ ساڵ دەنگی بانگ لە شوشە دەبیسترێت"
لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی سوپای ئازەربایجان لە ٢٧ی ئەیلوولدا لە قەرەباغ دەستیپێکردووە، چوار ناوەندی شار، سێ قەزا و نزیکەی ٢٢٠ گوند و چەند بەرزاییەکی ستراتیجی لەدەست داگیرکاری ئەرمینیا رزگارکراون.