Dlshad Saifaalddin Ahmed
16 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 17 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، مەلا بەختیار لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی دیداری دیموكراسی و مافی چارەی خۆنووسین كە لە شاری سلێمانی بەڕێوە دەچێت لە بارەی بەدیلی نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ، رایگەیاند "لەم دوو رۆژەدا چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگمان هەیە سەبارەت بە بەدیلەكە، بۆ ئەو بەدیلە دەبێت ئیتڵاع لەسەر وردەكارییەكەی بكەین و تا ئەنجوومەنی ئاسایش و نەتەوەیەكگرتووەكان قسە لەسەر ئەو بەدیلە دەكەن و رەزامەندی تەواوی حكوومەتی عێراقی دەزانرێت، ئێمە لەم رۆژانەش بیر لەوە دەكەینەوە چ گرەنتییەك هەیە بۆ ئەوەی ئەو بەدیلە، بەدیل بێتن، بەدیلێك بێت لە ئاست بەدیهێنانی تمووحاتی بەدیهێنانی دیموكراسی و دەستوور و چارەسەركردنی كێشەكان تێكڕا، بەدیلێك نەبێت بۆ ئەوەی بە پارە و بەم شتانە كۆتایی پێبهێنێت. هەروەها دەبێت پڕۆژەیەكی موتەكامیل بێت، نەوەك دەستكەوتەكانی ئێستای، بەڵكو ئایندەی پڕۆژەكە بۆ ئێمە دڵنیا كەرەوە بێت، لەبەر ئەوە لەم دوو رۆژە كۆدەبینەوە، وەك یەكێتی بڕوامان وایە بەدیلەكە زۆر بە جیددی وەربگرین".
مەلا بەختیار لە بارەی كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان و خاڵەكانی حزبەكەیەوە گوتی: "حەوت خاڵەكە زۆر گرنگە و خۆشبەختانە لەگەڵ پارتی ئیمزامان كردووە كە پەیوەندی بە دەستوور و چۆنێتی چارەسەركردنی دەسەڵاتەكان و پێگەی سەرۆكایەتی هەرێم و سیستمی پەرلەمانی هەیە، یەك لە خاڵە گرنگەكان بە زووترین كات چۆنێتی دڵنیایی دانە بە مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان كە ئەم پاشكەوتنی مووچەیە چۆن چارەسەر بكرێت، پەیوەندی بە یەكڕیزی نیشتمانی و راپرسی و ئایندەی راپرسی هەیە".
مەلا بەختیار ئەوەشی گوت "وەك یەكێتی لە دووساڵی رابردوو بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان بێوچان تێكۆشاوین، هەروەها لە دووساڵی رابردوو چەند جارێك هاتووەتە پێشەوە كە پەرلەمان وا كارا بكرێتەوە یەكێتی و پارتی و لایەنەكان و سەرۆكایەتی پەرلەمان بدرێت بە یەكێتی، بەڵام ئێمە گوتوومانە نەخێر و پێویستە كۆی حزبەكان بێنەوە ناو پەرلەمان و ئیشمان بۆ كردووە. لە دوو مانگی رابردووش لەسەر پێشنیازی ئێمە دووجار كاراكردنەوەی پەرلەمانمان دواخستووە بۆ ئەوەی گۆڕان و كۆمەڵ بێنە ناو پەرلەمانەوە. لە هەفتەی رابردووش هەموو هەوڵەكانمان چڕكردەوە و كۆبوونەوەكانمان لە بارەگای یەكێتی لە هەولێر لە نێوان پارتی و یەكێتی و گۆڕان و لە نێوان پارتی، یەكێتی و كۆمەڵ رێكخستووەو بەرپرسیارانە قسەمان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، بە داخەوە نەمان توانی سەركەوتوو بین، ئێمە كات لەبەردەممان نەماو دەبوو پەرلەمان كارا بكەینەوە. دەرگای پەرلەمان لەبەردەم هەمووان كراوەیە و یەكێتی بە میحوەری چارەسەری كێشەكان دەمێنێتەوە".
لە بارەی ئەو ژمارە ئەندامەی حزبەكەشی كە بەشداری كۆبوونەوەی دوێنێی پەرلەمانیان نەكرد، ئەو ئاماژەی كرد بەوەی ئەوان تا ئێستا بۆچونی جیاوازیان هەیە و دڵنیا نین لە میكانیزم و یەكڕیزی نیشتمانی.
بەرپرسەكەی یەكێتی لە بارەی هەنگاوەكانی داهاتوو گوتی: "دەرگای دیالۆگ كراوەیە، بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی حەوت خاڵەكەی ئێمەیان زۆر پێخۆش بوو، ئێمەش ئومێدمان وابوو بڕیارە سیاسییەكانی ئەوان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان دڵخۆش بین، بەڵام بە داخەوە ئەوان دیارە هەندێك بۆچونی تریشیان هەیە، ئێمە چاوەڕوان دەكەین بزانین بە تەواوی بۆچونەكانیان چییە و ئەوكات حەوت خاڵەكەی ئێمە بنەمای كارە هاوبەشەكانمانە لەناو پەرلەمان و گفتوگۆكانیشمان لەگەڵ گۆڕان و كۆمەڵ لەسەر ناوەڕۆك و چوارچێوەی ئەو حەوت خاڵە دەبێت".
لە بارەی بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراق لەسەر راپرسی و پارێزگاری كەركووك و ئەگەری سەندنەوەی متمانە لە سەركۆماری عێراق، فوئاد مەعسوم، مەلا بەختیار لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە نە ئەو بڕیارەی عێراق سەبارەت بە راپرسی، نە ئەو بڕیارەی شیعە و سوننەكانی عێراق سەبارەت بە پارێزگاری كەركووك، نە ئەو ئیمزاكۆكردنەوەی لەسەر متمانە وەرگرتنەوە لە سەركۆماری عێراق كە یەكێكە لە پۆستە سیادییەكان و بنەمایەكی هاوبەش لەگەڵ عێراقی عەرەبی و عێراقی شیعە و سوننە، لەگەڵ هەموو حزبە عێراقییەكان، ئێمە پێمان وایە ئەو بڕیارانە پێچەوانەی هەموو رێكکەوتن و بنەماكانە كە تائێستا لەسەری رێك كەوتوین، لەبەر ئەوە هەست دەكەین هاندەری تائیفی و شۆڤێنی و بیری تەسكی نەتەوەیی و سەپاندنی عەقڵی حزبایەتی زاڵە بەسەریدا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تا ئێستا تووشی كاردانەوەی توند نەبووین و ئارام لەگەڵ ئەم پرسە مامەڵە دەكەین، ئێستاش قسە لەسەر بەدیل دەكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەناو عێراق، بۆیە بە عەقلانیانە مامەڵە دەكەین".