Zana Natık Kerem
22 نیسان 2019•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2019
کۆڵۆمبۆ ــ AA
دوێنێ یەکشەممە زنجیرەیەک پەلاماری تیرۆریستی، ژمارەیەک کڵێسا و ھوتێل-یان لە چەند شارو شارۆچکەیەکی سریلانکا کردە ئامانج و بەپێی نوێترین ئامار کە لە لایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە بڵاوکراوەتەوە، ژمارەی قوربانیانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییانە گەیشتووەتە، ٢٩٠ کوژراو و زیاتر لە ٥٠٠ بریندار.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی پۆلیسی سریلانکا، روان جوناسیکیرا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ژمارەی کوژراوانی پەلامارە تیرۆریستییەکانی دوێنێ سێشەممە کە لەو وڵاتە روویاندا لە ٢٠٧ کەسەوە بەرزبووەتەوە بۆ ٢٩٠ کەس، ھەروەھا ژمارەی بریندارەکانیش ٥٠٠ کەسی تێپەڕاندووە.
روان جوناسیکیرا ئاماژەی بەوەشدا کە تا ئێستا، ١٣ کەس بە گومانی تێوەگلان لە ئەنجامدانی پەلامارە تیرۆریستییەکان لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون، بەڵام ھیچ زانیارییەکی لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەوە بڵاونەکردەوە.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی سریلانکا رایگەیاند، ٣٧ بیانی لەنێو ئەو کەسانەدان کە دوێنێ یەکشەممە لە ئاکامی پەلامارە تیرۆریستییەکاندا کوژراون و لەنێویاندا دوو ھاووڵاتی تورک، سێ ھاووڵاتی بەریتانی و سێ ھاووڵاتی ھیندستانی ھەن.
تا ئێستا ھیچ لایەنێک بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی ئەو پەلامارە تیرۆریستییانەدا، رانەگەیاندووە.