Rewa Mahmut Hasan
07 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
-سبەی سێشەممە، دەنگدەرانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
- بەپێی راپرسیەکان هیلاری کلینتۆن لەپێشەوەی دۆناڵد ترەمپ-ە
- ئەو کاندیدەی زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت نابێتە سەرۆک بەڵکو ئەو کاندیدەی زۆرترین ویلایەت مسۆگەر دەکات دەبێتە سەرۆکی ئەمریکا.
سبە ی سێشەممە، دەنگدەرانی ئەمریکا بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
کاندیدەکان بۆ ٤٥هەمین سەرۆکی ئەمریکا لەلایەن دیموکراتەکانەوە هیلاری کلینتۆن و لەلایەن کۆمارییەکانیشەوە دۆناڵد ترەمپی سەرمایەدارە.
خەڵک بۆ ٤٣٥ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران و ١٠٠ ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و دیاریکردنی ژمارەیەک لە پارێزگاری شارەکان، دەنگ دەدات.
ئەمریکا بەهۆی ئەوەی خاوەن رووبەرێکی فراوانە سێ جۆرە کاتی جیاوازی هەیە بەپێی کاتی گرێنچ. هەر ئەوەش وای کردووە لەهەر ویلایەتە و بەپێی کاتی خۆی، دەستپێکردن و کۆتایی هاتنی دەنگدانەکەی دیاری بکرێت. بەگشتی دەنگدان کاتژمێر ٦:٠٠ دەست پێدەکات و کاتژمێر ١٩:٠٠ کۆتایی پێدێت.
لە ٣٧ ویلایەت هاوشانی واشنتۆن دەنگدانی تایبەت لە ٢٦ی تشرینی یەکەمەوە دەستی پێکردووە.
لە ئێستادا باس لەوە دەکرێت کە نزیکەی ٤٠ ملیۆن کەس پێش وادەی ٨ی تشرینی دووەم دەنگیان داوە. بەڵام چاوەڕێ ناکرێت رێژەیەکی بەرچاو بەشداری بکەن لە دەنگداندا. لەکاتێکدا ٢٣٠ ملیۆن دەنگدەر ناویان تۆمار کراوە و لەوانە چاوەڕێ دەکرێت ١٥٠ ملیۆنیان دەنگ بدەن.
بەپێی سیستەمی هەڵبژاردنی ئەمریکا ئەو کاندیدەی کە زۆرترین دەنگ بەدەست دەهێنێت پێ دەچێت بەس نەبێت بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆک.
لۆجیکی هەڵبژاردن لە وڵاتدا بەشێوەیەکە کە لە هەر ویلایەتێک و بەجیا دەنگ دەدرێت بۆ دیاریکردنی سەرۆک. خەڵک لە کۆی پێکهاتەی ئیدارەی فیدراڵیدا لە هەر ویلایەتێک دەنگ دەدات بە گرووپی هەڵبژێردراوی سەربە کاندیدێک. ئەو کاندیدەی ویلایەتێک بەرێتەوە، بەپێی ژمارەی دانیشتوانی ویلایەتەکان تەواوی دەنگی نوێنەرانی ویلایەتەکە دەباتەوە. هەر بۆیە ئەو کەسەی زۆترین نوێنەری دەرچووبێت ئەوا دەبێتە سەرۆک.
هەر بۆیە سبەی سێشەممە خەڵک دەچنە سەر سندوقی دەنگدان و ئەو سەرۆکە دەیباتەوە کە زۆترین ویلایەتی بۆخۆی مسۆگەر کردبێت نەک زۆرترین دەنگی خەڵک.
هەریەک لە ویلایەتەکانی ئۆهایۆ، فلۆریدا، کارۆلینای باکوور، ڤێرجینیا و پێنسیلڤانیا یەکێکن لەو ویلایەتانەی بوونەتە جێی سەرنج.
بەپێی راپرسییەکان کلینتۆن لەڕیزی پێشەوەی کێبرکێکەدایە و ئەگەری دەرچوونی زۆرە .
بەپێی راپرسییەکی NBC News و ووڵ ستریت جۆرنال کە لە ٣-٥ی ئەم مانگە ئەنجامیان داوە کلینتۆن لەسەدا ٤٤ی دەنگەکان بۆخۆی مسۆگەر دەکات و ٤ خاڵ لەپێش ترەمپ-ەوەیە.
راپرسییەکی واشنتۆن پۆست و ئەی بی سی نیوز کە لە ١-٤ی تشرینی دووەمدا ئەنجام دراوە دەریدەخات کە کلینتۆن پێش ترەمپ کەوتووە بە ٥ خاڵ.
لە دوایین رۆژی هەڵمەتی هەڵبژاردندا کلینتۆن سێ ویلایەت و ترەمپیش یەک ویلایەت دەگەڕێت. بڕیارە هیلاری کلینتۆن بەبەشداری سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما و مێشێل ئۆباما و بیل کلینتۆنی هاوسەری و کچەکەی دوایین هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆی لە شاری فیلادیلفیای ویلایەتی پێنسیلڤانیا بەڕێوەببات.
دۆناڵد ترەمپی کۆمارییش لە دوایین ساتەکاندا هەوڵی رازیکردنی ویلایەتی فلۆریدا دەدات کە تائێستا دوو دڵە لە دەنگدان بە کاندیدێک.
کاتی هەڵبژاردەکەش هەردوو کاندیدەکان لە نیویۆرک چاوەڕێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە دەکەن کە دەکاتە رۆژی سێشەممە.
هەموو چوارساڵ جارێک لە سێشەمەی یەکەم هەفتەی مانگی تشرینی دووەمدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت. ئەنجامدانی هەڵبژاردنیش لە رۆژی سێشەممەدا وەک دابونەریتێک لە سەدەی نۆزدەهەمەوە ماوەتەوە کە هێشتا ویلایەتەکانی کالیفۆرنیا، فلۆریدا و تێکساس دروست نەکرابوون دەبوو رۆژێک دیاری بکرێت بۆ هەڵبژاردنی کۆنگرەی ئەمریکا، لەو کاتانەشدا ئەو جووتیارانەی لە دوورە دەستەوە بەشداری دەنگدانیان دەکرد بە ئەسپ دەهاتنە ناو شارەکان ودەنگیان دەدا و سێ رۆژیان پێ دەچوو بۆ چوون و هاتنەوە. رۆژانی کۆتایی هەفتەش کە شەممان و یەکشەمانە لەلایەن پیاوانی ئایینیەوە بەکاردەهات و ئەوان سەرقاڵ بوون هەر بۆیە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممە مایەوە و لە هەندێک ناوچەش رۆژانی چوارشەممە بازاڕ دادەنرا هەربۆیە رۆژی سێشەممە دیاری کرا بە گونجاوترین کات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.