Davit Kachkachishvili
14 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 14 حوزەیران 2022
کیێڤ – AA
سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی رایگەیاند بەردەوام دەبن لە خەبات بۆ رزگارکردنی تەواوی خاکی وڵاتەکەیان لە دەست رووسیا.
زێلێنسکی لە ١١٠ەمین رۆژی جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تێلگرام رایگەیاند کە ئەمڕۆ سوپای وڵاتەکەی ئۆپەراسیۆنی سەرکەوتووی لە ناوچەی دۆنباس ئەنجام داوە.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لەو ١١ رۆژەدا ناوچەکانی باشووری ئۆکراینایان بۆ جارێکی دیکە کۆنتڕۆڵ کردووە و بەشێکی زۆری خارکیڤیان لە دەست 'دوژمن' رزگار کردووە، گوتی: "بە شێوەیەکی گشتی زیاتر لە هەزار ناوچەی نیشتەجێبوون رزگار کراون، داگیرکەران هێرشەکانی سەر باشووری ئۆکراینایان راگرتوون".
ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی کە سەربازانی رووسیا لە دۆنباس زیانی زۆریان بەرکەوتووە، گوتی: "جەنگەکانی دۆنباس بە دڵنیاییەوە وەک دڕندانەترین جەنگەکان کە لە ئەورووپا ئەنجام دراون ناویان دەچێتە ناو مێژوو".
زێلێنسکی جەختی لەوە کردەوە کە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ پێویستییان بە چەکی بەهێز و پێشکەوتوو هەیە. باسی لەوەیش کرد کە وڵاتەکەی زۆر بە قورسی باجی ئەو جەنگە دەدات.
سەرۆکی ئۆکراینا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە جگە لە رزگارکردنی خاکی وڵاتەکەیان هیچ بژاردەیەکی دیکەیان لەبەردەمدا نییە، گوتی: "داگیرکەران لەسەر خاکەکەمان رادەماڵین".