Azad Mohammed Abdullah
30 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2018
دهۆک - AA
قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند "فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان بەدەست بەڕێوەبەرەکانیانەوەیە و هێزە عێراقییەکانى سەربە سوپاى عێراق پاراستنى فەرمانگەکانیان گرتووەتە ئەستۆى خۆیان".
قایمقامى قەزاى شنگال، مەحما خەلیل لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "بیناى قایمقامییەتى شنگال پێش دوو سێ ساڵە لە لایەن چەکدارانى داعش خاپوور کراوە، بەڕێوەبەرایەتى ناحییەکانى سەربە قەزاى شنگال بەدەست سوپاى عێراقەوەیە، فەرمانگە حکوومییەکانى دیکە بەدەست ئیدارەى شنگالەوەیە، بەڵام لە توانایاندا نییە هیچ پڕۆژەیەکى خزمەتگوزارى پێشکەش بە هاووڵاتییانى ناوچەکەیان بکەن".
مەحما خەلیل گوتیشى: "ئێمە دەزانین چەکدارانى پەکەکە لە شنگال لە شوێنەکانى خۆیان نەماون و بنکە و بارەگانیان چۆڵکردووە و ئاڵاکانیشیان لە لایەن سوپاى عێراقەوە داگیراوە، هەوڵەکانیشمان بەردەوامن بۆ ئەوەى دڵنیا ببین کە پەکەکە لە شنگال نەماوە و بە تەواوەتى کشاونەتەوە".
بەپێى زانیارییەکانى سەرچاوە خۆجەییەکانى شنگال بێت یەپەشە (یەکینەکانى پاراستنى شنگال) کە گرووپى راهێندراوى سەربە چەکدارانى پەکەکە-ن، لە شارەکە ماون و لەهەوڵدان بخرێنە سەر سوپاى عێراق و ناو و ئاڵاکەشیان بگۆڕێن.
هاووڵاتییەکى دانیشتووى شنگال بەهۆى هەڕەشە لەسەر ژیانى نەیویست ناوى ئاشکرا بکات بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: " لەسەر هەموو فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان تەنها ئاڵاى عێراق هەڵدراوە و ئاڵاکانى پەکەکە و لقەکانى لە شارەکە داگیراوە، ئەوەى ماوە ئاسەوارى دروشمەکانى پەکەکەیە لەسەر دیوار و باڵەخانەکانى شارى شنگال".