Mustafa Melih Ahıshalı,Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
18 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 23 نیسان 2017
تاران- AA
سەرکۆماری ئیران، حەسەن روحانی رەخنەی لە سوپای پاسداران گرت بە هۆی دەستوەردانیان لە بابەتەکانی پەیوەست بە ئابووریی وڵات.
حەسەن روحانی لە رۆژی سوپای ئێراندا، بەشداریی لە ئاهەنگەکاندا کرد کە بەو بۆنەیەوە لە کەمپی بەهەشتی زارا لە تارانی پایتەخت سازکران و لە گوتارێکدا رایگەیاند ''دوودڵییەکانی هێزە چەکدارەکان سەبارەت بە بابەتە ئابوورییەکانی وڵات، ئەوان لە ئامانجە باڵاکانیان دووردەخاتەوە''.
روحانی جەختی لەوەکردەوە نیگەرانییە بێجێکانی فەرماندەکان و هێزە چەکدارەکان لە بواری ئابوورییدا، ئەوان لە ئەرکە بنەڕەتییەکانیان دووردەخاتەوە و ئاماژەی بەوەکرد بە پێی دەستووری ئێران، هێزە چەکدارەکان دەتوانن هاوکاریی بکەن لە هەریەک لە بوارەکانی گەڕان و پشکنین و رزگارکردن، مەشق و پەروەردەکردن، بەرهەمهێنان و بیناسازییدا.
ئاماژە بەوەدەکرێت سوپای پاسداران پەیوەندیی بە کردەوەکانی تیرۆرکردن، تێکدان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران هەیە و لەپاڵ ئەو هێزە سەربازییەی لە دەستیدایە، ژمارەیەک دامەزراوەی ئابووری گرتووەتە دەست و سیاسەتی ناوخۆ و دەرەوەی ئێران ئاراستە دەکات. سوپای پاسداران جگە لە لەو بەشەی لە بوودجەی گشتیی وڵات وەریدەگرن، داهاتی زۆریان لەو کۆمپانیایانەی گواستنەوە، وزە و بیناسازیی دەستکەوێت کە لەسەرانسەری ئێراندا خاوەنین.
فەرماندەی پێشووی سوپای پاسداران، موحسین رەزایی ماوەیەک لەمەوبەر لە روونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، ئابووری وڵات بە شێوەیەکی باش بەڕێوەنابرێت و داوای کردبوو ''ئیدارەی ئابووری ئێران رادەستی سوپای پاسداران بکرێت''.