Mustafa Melih Ahıshalı,Muhammet Ali Kemal
17 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 20 مای,س 2017
تاران- AA
کاندیدی محافزکارەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە ئێران کە بڕیارە رۆژی هەینی بەڕێوەبچێت، ئیبراهیم رەئیسی، ''بە تۆماری دەنگیی'' هەڕەشەی لە سەرکۆمار، ریفۆرمخواز و کاندیدی محافزەکارە میانڕەوەکان، حەسەن روحانی کرد.
لە گردبوونەوەیەکی جەماوەرییدا کە لە موسەڵڵای ئیمام خومەینی لە تارانی پایتەخت بەڕێوەچوو، ئیبراهیم رەئیسی رەخنەی لە حەسەن روحانی گرت سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆی وڵاتەکەی و هەڕەشەی لە رێگەی بڵاوکردنەوەی تۆماری دەنگییەوە، لێکرد.
رەئیسی گوتەکانی هەفتەی رابردووی روحانی کە لە میانی رووبەڕووبوونەوەیەکی راستەوخۆی تەلەڤیزیۆنییدا لە نێوان کاندیدەکاندا بە سەرۆکی شارەوانی تاران، محەمەد باقر قالیبافی گوتبوو، ''لەساڵی ٢٠٠٥دا دۆسیەیەکی ئێوە ببووە بابەتی رۆژەڤ، من رێگەم نەدا بڵاوبکرێتەوە''ی وەبیرهێنایەوە و رایگەیاند:
''ماوەی ٢٠ ساڵ لە پێگە جۆراوجۆرە ئەمنییەکانی دەوڵەتدا بوونتان هەبوو. (ئەمڕۆ) بەرژەوەندیی خۆتان دەخەنە پێش بەرژەوەندیی وڵاتەوە؟ ئامۆژگاریی روحانی دەکەم، ئاگای لە گوتە و کارەکانی بێت. سبەی تۆمارەکە دەخەنە بەردەمتان و ئەوکاتە ناتوانن بڵێن ئێمە ئەم قسانەمان نەکردووە''.
ئیبراهیم رەئیسی باسی لەوەکرد روحانی پشتبەستن بە هاوکاریی ''بیانییەکان'' سیاسەت دەکات و گوتی: ''کۆبوونەوەکانتان لەگەڵ وڵاتە بیانییەکاندا بۆ گەل ئاشکرا بکەن و مەیشارنەوە. ناکرێت لە وڵاتدا بیانییەکان کاریگەرییان هەبێت و گەل بێ کاریگەریی بێت. بیانیی هەر بیانییە''.