Zana Natık Kerem
21 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2022
یەمەن - AA
رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن (Save the Children) رایگەیاند کە لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ لە یەمەن کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە لەو وڵاتە بەردەوامە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، ٩٢ منداڵ کوژراون.
رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن کە رێکخراوێکی ناحکوومییە و بارەگاکەی لە لەندەنە لە بەیاننامەیەکدا، بەبۆنەی ٢٠ی تشرینی دووەم رۆژی جیهانی منداڵان ئاماژەی بەوە داوە کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ١٥ی ئەم مانگە، ٩٢ منداڵ لە ئەنجامی شەڕی یەمەن کوژراون و ٢٤٢ی دیکەش برینداربوون.
راشیگەیاندووە، ململانێکان لە یەمەن بەرەو هەڵکشان دەڕوات و ئەمساڵ بە تێکڕا رۆژانە یەک منداڵ دەکوژرێت یان بریندار دەبێت.
رێکخراوی منداڵان رزگار بکەن هێمای بۆ ئەوەیش کردووە کە لە رۆژی جیهانی منداڵاندا، منداڵانی یەمەن داوا دەکەن لایەنەکانی شەڕی ناوخۆ پابەندبن بە رێگریکردن لە هێرش و توندوتیژی دژبە خەڵکی مەدەنی.
شەڕی ناوخۆی یەمەن دوای ئەوە دەستی پێ کرد کە حووسییەکان لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٤دا، دەستیان بەسەر شاری سەنعای پایتەخت و ژمارەیەک پارێزگای ئەو وڵاتەدا گرت بە پاڵپشتی هێزەکانی سەرکۆماری پێشووی یەمەن، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح کە لە ساڵی ٢٠١٧ لە رووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ چەکدارانی حووسییەکاندا کوژرا، دوای کۆتایی هاتنی هاوپەیمانی نێوانیان.
ململانێکان دووبارە لە مانگی ئاداری ساڵی ٢٠١٥ەوە پەرەیان سەند، دوای ئەوەی هاوپەیمانییەکی سەربازیی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعوودیە بۆ پاڵپشتیکردنی هێزەکانی سەربە حکوومەتی شەرعیی لە رووبەڕووبوونەوەی حووسییەکان کە ئێران پاڵپشتییان دەکات پێکهێنرا.
بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١، ٣٧٧ هەزار کەس بەهۆی شەڕی ناوخۆەوە لە یەمەن کوژراون.