Ekip
03 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 03 ئەیلوول 2021
ئەنقەرە - AA
حکوومەتی چین رایگەیاند ئەو بەرنامانە قەدەغە دەکات کە ناوەڕۆکەکانیان نموونەیەکی خراپ نیشانی کۆمەڵگا و گەنجان دەدەن.
فەرمانگەی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی نیشتمانی چین (NRTA)، لە کارنامەیەکدا کە بڵاویکردەوە ئاماژەی بەوە کرد کە لە بەرنامە تەلەڤزیۆنییەکاندا رێگە بەو پێشکەشکارە کوڕ و نمایشکارانە نادرێت کە ژنانە هەڵسوکەوت دەکەن و، ئەو بەرنامانەش قەدەغە دەکەن کە هاندانیان تێدایە بۆ ئاکاری هەڵە و هەڵسوکەوتی دوور لە رەوشت.
لە کارنامەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە پێویستە بڵاوکەرەوەکان لە بەرنامەکانیاندا خۆیان بەدوور بگرن لەو شێوازانەی گەنجان هەڵدەنێن بۆ ناوبانگ و سامان و کولتووری سەرسامی تێدەپەڕێنن، لەبری ئەوانە پێویستە هانبدرێن بۆ کولتووری نەریتی چین، کولتووری شۆڕش و کولتووری سۆسیالیستی پێشکەوتوو.
پێشتر حکوومەتی چین هەنگاوی گرتبووەبەر بۆ بەرزکردنەوەی چاودێری ئینتەرنێت، تۆڕی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی زانیاریی، دوێنێش بە بڵاوکردنەوەی ئەو کارنامەیە ماوەی یاریکردنی ئینتەرنێتی بۆ کەسانی خوار ١٨ ساڵ لە رۆژانی بەدەر لە قوتابخانە بە سێ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا سنووردار کرد.