Safvan Allahverdi,Muhammet Ali Kemal
25 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2018
واشنتۆن - AA
کۆشكی سپی بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ ئامادەیە لەگەڵ سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبێتەوە، بەڵام هێشتا بەروارێک دەستنیشان نەکراوە بۆ کۆبوونەوەیەکی لەوجۆرە.
کاربەدەستانی کۆشکی سپی لە لێدوانیاندا بۆ میدیای ئەمریکا، سەبارەت بە کۆبوونەوەیەکی گریمانەکراوی نێوان ترەمپ و ئەردۆغان، روونکردنەوەیان دا.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "سەرۆک (ترەمپ) کراوەیە بەڕووی کۆبوونەوەیەکی گریمانەکراو لە داهاتوودا" و ئاماژە بەوەشکراوە هیچ وادەیەک یان بەروارێک بۆ کۆبوونەوەیەکی لەوجۆرە دەستنیشان نەکراوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن رایگەیاندبوو سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانیاندا سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ-ی بۆ تورکیا بانگێشتکردووە و لەبەرامبەردا، ترەمپ بە گەرمی لە بانگێشتەکەی روانیوە و ئاماژەی بەوەکردووە بە دڵنیاییەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا سەردانێک بۆ تورکیا ئەنجام دەدات.
هەردوو سەرۆک بۆ دوایین جار بەشێوەیەکی فەرمیی لە ئایاری ٢٠١٧دا لە کۆشکی سپی کۆببوونەوە، بەڵام لەم مانگەشدا لە پەراوێزی لووتکەی G20دا لە ئەرجەنتین کۆبوونەوەیەکی ٥٠ خولەکییان ئەنجامدابوو.