KOSAR OSMAN
02 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2015
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لە وڵاتی قەتەردا وەڵامی چەند پرسیارێکی رۆژنامەوانانی لەبارەی رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و رۆڵی تورکیا بە گشتی و گرژییەکانی نێوان تورکیا و رووسیا بە تایبەتی دایەوە.
ناوبراو لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بمجۆرە دوا :" ئێمە بە درێژایی 911 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشمان لەگەڵ سووریا هەیە و سنووری نێوانمان لەگەڵ عێراقدا بە درێژایی 360-370 کیلۆمەتر درێژبووەتەوە. ئێمە کە خاوەن سنوورێکی لەم شێوەیەین، زۆر زەحمەتە ئەوە بە ئاسایی بزانین کە هێزێکی دەرەکی بێتە ناوچەکە و چالاکیی جۆربەجۆر ئەنجام بدات. ئەگەر ئەو هێزە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە ئەوا سەرچاوم. با بێت و بەیەکەوەش بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە. بەڵام ئەگەر بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە هێرش بکاتە سەر خەڵکی سڤیل و ماڵوێرانییان بۆ جێبهێڵێت ئەوا ئێمە بە جۆرێکیتر بیردەکەینەوە.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەم گرژییەی ئێستای حکوومەتەکەی لەگەڵ مۆسکۆ هیوای خواست رێگەی دیپلۆماسی ببێتە هۆکارێک بۆ ئارامکردنەوەی رەوشەکەو بەمشێوەیەی دوا: "بەھیچ شێوەیەک ئامانجمان ئەوە نییە کە ئەم بارگرژییە زیادبکەین. بە ھیوام رێگاکانی دیپلۆماسی و دیالۆگ بکەونەکار و لێک تێگەیشتن بھێتە ئاراوە. تورکیا و رووسیا لە داھاتوودا توانای ھەماھەنگی زۆریان لەبەردەم دایە. ئێمە بە ھەست و سۆز مامەڵەمان نەکردووە و ناشکەین. ئێمە بە گوێرەی دیپلۆماسی نێودەوڵەتی کار دەکەین. نامانەوێت ئەم کێشەیە لەوە زیاتر زیان بە پەیوەندی نێوانمان بگەیەنێت".
سەرکۆماری تورکیالە ئەگەری درێژەکێشانی کاردانەوەکانی رووسیا بەم چەشنە روونکردنەوەی دا :" بە دڵگرانیەوە دەڕوانینە کاردانەوەی بێ سنووری رووسیا لە کاتێکدا جیھان پەسەندیکردووە کە ئێمە لەسەر حەقین. لە ئەگەری زیادبوونی ئەم کاردانەوانە بە دڵنیاییەوە ئێمەش ئەوەی پێویست بێت ئەنجامی دەدەین".
ئەردۆغان باسی پەیوەندیی بەهێزی نێوان قەتەر و وڵاتەکەی وەبیرهێنایەوە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەم قۆناغەی ئێستای نێوانیان. هەروەها سەرکۆمار بانگێشتی قوتابیانی ئەو وڵاتەی کرد بۆ ئەوەی لە وڵاتی تورکیا بخوێنن و شارەزایەتیی زیاتر لە کولتووری یەکتر بەدەست بێنن. بێگومان ئەوە لەکاتێکدایە کە تازە ڤیزای نێوان ئەو دوو وڵاتە هەڵگیراوە و گەشتیارانی تورکیا و قەتەر بێ وەرگرتنی ڤیزا دەتوانن گەشت بۆ وڵاتی یەکتر بکەن.
ئەردۆغان هەروەها بە توندی بەرپەرچی تۆمەتەکانی مامەڵەی نەوت لەگەڵ داعشی دایەوە و گوتی ھیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە تۆمەت بخاتە پاڵ تورکیا، گوایە مامەڵەی نەوت لەنێوان ئێمە و داعش هەیە. ئەردۆغان گوتی تورکیا ئەوەندە نەفس نزم نییە کە گەیشتبێتە رادەیەک مامەڵەیەکی لەمجۆرە بکات.
ئەردۆغان لەبارەی بەرەنگاربوونەوەی داعش لە جیھاندا گوتی: "تا ئێستا ھیچ وڵاتێک وەک تورکیا بەم شێوازە بەرفراوانە بەرەنگاری داعش نەبووەتەوە. کەسانێک بە بیانووی داعش لە سووریا پڕۆژەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن. تورکیا سەرباری ھێرشی گرووپە تیرۆریستییەکان پاڵپشتی لە برایانی ستەملێکراو لە سووریا دەکات".