Dmitri Chirciu
11 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2020
مۆسکۆ- AA
لە رووسیا بەرزترین ژمارەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) لە میانی یەک رۆژدا، تۆمار کرا.
ناوەندی رێگریی و کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە رووسیا، راگەیەندراوێکی لە بارەی نوێترین ئامارەکانەوە بڵاوکردەوە کە تیایدا ئەوە خراوەتەڕوو لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ١٣ هەزار و ٦٣٤ حاڵەتی نوێی تووشبوون بە کۆرۆنا تۆمار کراوە، بەمەش ژمارەی حاڵەتەکانی تووشبوون لەو وڵاتە گەیشتە یەک ملیۆن و ٢٩٨ هەزار و ٧١٨ کەس.
هەروەها ١٤٩ کەسی دیکە بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان گەیشتووەتە، ٢٢ هەزار و ٥٩٧ کەس.
لە سەرتاسەری رووسیا رێژەی رۆژانەی تووشبوون بە پەتاکە بۆ سەدا ١،١ بەرزبووەتەوە و لەسەدا ٢٦،٣ی تووشبووانی پەتاکە هیچ نیشانەیەکی تووشبوون بە کۆرۆنایان تیادا دەرنەکەوتووە.
لە مۆسکۆ-ی پایتەخت لە میانی٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار هەزار و ٥٠١ حاڵەتی نوێی تووشبوون تۆمارکراوە و ژمارەی حاڵەتەکان گەیشتووەتە، ٣٣٠ هەزار و ٤١٨ حاڵەت، هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسەکە گیانیان لەدەستداوە، ٣٥ کەس زیادیکردووە و گەیشتووەتە پێنج هەزار و ٥٩٥ حاڵەت.
لە ٣١ی کانوونی دووەمی رابردوودا، یەکەم حاڵەتی تووشبوون بە کۆرۆنا لە رووسیا تۆمار کرا، هەروەها لە ١٩ی ئاداردا، یەکەم حاڵەتی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەکە تۆمار کرا.
لە یەکی ئەیلوولەوە خوێندن لە رووسیا دەستیپێکردووەتەوە و لە قوتابخانەکاندا چاودیری رێکارەکانی خۆپاراستن وەک بەکارهێنانی دەمامک و دوورەپەرێزی کۆمەڵایەتیی دەکرێت.