Ali Cura
05 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2022
مۆسکۆ – AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ماریا زاخارۆڤا رایگەیاند جەنگاوەرە بەکرێگیراوە ئیسرائیلییەکان لە ئۆکراینا لە ریزی بەتالیۆنی ئازۆڤ لە دژی رووسیا دەجەنگن.
لەبارەی گرژییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و رووسیا زاخارۆڤا بە رادیۆی Sputnik راگەیاند کە سیاسەتمەدارانی ئیسرائیل بابەتەکەیان گەورە کردووە و گوتی: "شتێک دەڵێم لەوانەیە ئەوان نەیانەوێت بیبیستن. جەنگاوەرە بەکرێگیراوە ئیسرائیلییەکان لە ئۆکراینا لە ریزی چەکدارانی ئازۆڤ دەجەنگن".
زاخارۆڤا جەختی لەوە کردەوە کە ناکرێت ئیسرائیل لەوە بێئاگا بێت و سەرنجی خستە سەر ئەوەی، کە ئەو گرتەی ڤیدیۆیی ئەوانی بینیووە.
- گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئیسرائیل
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگی لاڤرۆڤ لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵێکی تەلەڤزیۆنی ئیتاڵیا رایگەیاندبوو "دەگوترێت (سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدیمێر) زێلێنسکی جووە. بە بۆچوونی من هیتلەریش رەگێکی جووی هەیە. گەورەترین دوژمنەکانی جوو، جووەکانن".
وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، یایر لاپید'یش لە بەرامبەر ئەو گوتانەی لاڤرۆڤ کاردانەوەی نیشان دا و رایگەیاند "(ئەم گوتانە) هی لێخۆشبوون نین، مایەی شەرمە و هەڵەیەکی مێژوویی دڵتەزێنە" و داوای لە رووسیا کرد داوای لێبوردن بکات.
هەروەها باڵیۆزی رووسیا لە تەلئەبیب، ئەناتۆلی ڤیکتۆرۆڤ بەمەبەستی "پێدانی روونکردنەوە" لەمبارەیەوە بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل کرا.
دواتر وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە راگەیەندراوێکدا بە ئاماژەدان بەوەی کە دژە سامیەت لە ئۆکراینا لەم ساڵانەی دواییدا تەشەنەی سەندووە، نووسی: "بە داخەوە مێژوو نموونەکانی هەماهەنگی تراژیدی نێوان جووەکان و نازییەکان دەزانێت".