Ahmet Dursun
05 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2022
ئەنقەرە – AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان و وەزیری دەرەوەی سوید، ئێن ڵێند لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر ئەحمەد رەزا جەلالی کە هەڵگری رەگەزنامەی ئێران و سویدە و تاوانبارکراوە بە سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل لە ئێران و لپێرسراوی پێشوو لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، حامید نوری کە لە سوید دادگایی دەکرێت و داوا دەکرێت بە زیندانیکردنی هەتاهەتایی حوکم بدرێت، تاوتوێ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، عەبدوڵڵاهیان و ڵیند پێشهاتەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان تاوتوێ کردووە.
عەبدوڵڵاهیان داکۆکی لەوە کردووە کە بڕیاری دەستبەسەرکردنی حامید نوری کە بەتۆمەتی "ئەنجامدانی تاوانی جەنگ" و "کوشتنی بە ئەنقەست" دادگایی دەکرێت و داوا دەکرێت بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم بدرێت "نایاساییە" و بەپێویستی زانیووە دەستبەجێ ناوبراو ئازاد بکرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گوتەکانی ڵیند نەکراوە و باس لەوەیش کراوە کە هەردوولا هاوڕابوون لەوەی راوێژ و راگۆڕینەوە لەنێوانیان بەردەوام بێت لەو بابەتانەی پەیوەندییان بە هەردوو وڵاتەوە هەیە.
- "سوید و یەکێتیی ئەورووپا ئیدانەی بڕیارەکەی ئێران دەکەن"
وەزیری دەرەوەی سوید، ئێن ڵیند لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تویتەر نیگەرانی لە بڕیارەکەی دادگای ئێران دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەحمەد رەزا جەلالی و رایگەیاند "سوید و یەکێتیی ئەورووپا ئیدانەی سزای لەسێدارەدان دەکەن و داوا دەکەن جەلالی ئازاد بکرێت. ئێمە چەندین جار ئەوەمان بە لایەنی ئێرانی راگەیاندووە. لەگەڵ ئێران لە پەیوەندیداین".
ئاژانسی هەواڵیی نیمچە فەرمی قوتابییانی ئێران "ISNA" بڵاوی کردەوە، تا ٢١ی ئایار سزای لەسێدارەدان بەسەر مامۆستای زانکۆ جەلالی-دا جێبەجێ دەکرێت کە تاوانبار کراوە بە "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل بەسەر ئێران و رۆڵ هەبوون لە کوشتنی زانایانی فیزیایی ئەتۆمی ئێران".
- نوری بە "ئەنجامدانی تاوانی جەنگ" و جەلالی-ش بە "سیخوڕیکردن" تۆمەتبار دەکرێن
ئاژانسی هەواڵیی ئێران "Nournews" کە سەربە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێرانە لەبارەی ئەحمەد رەزا جەلالی-یەوە دەڵێت "ئەو زانیارییانەی ئەو سەربازە بەکرێگیراوە داویەتی بە رێکخراوی تیرۆریستی و سیخوڕی مۆساد لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمییەوە، بەداخەوە بووە هۆی بۆسەنانەوە بۆ دوو زانای ئەتۆمی وڵاتەکەمان و شەهیدکردنیان".
بڕیاری جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ جەلالی لە کاتێکدا لە ٢٠١٧ەوە جێبەجێکردنی بڕیارەکە راگیراوە، دوای داواکاری بۆ ئەوەی لێپرسراوی پێشوو لە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، حامید نوری کە لە سوید دادگایی دەکرێت و بە "ئەنجامدانی تاوانی جەنگ" و "کوشتنی بە ئەنقەست" تۆمەتبار دەکرێت بەوەی لە ١٩٨٨ رۆڵی هەبووە لە بڕیاردان بۆ جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی بەکۆمەڵ و داوا دەکرێت بە زیندانی هەتاهەتایی حوکم بدرێت، بووە جێی سەرنج.