AA
25 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2019
تاران – AA
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی كاردانه‌وه‌ی نیشاندا به‌رامبه‌ر فه‌ڕه‌نسا، ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا كه ئێران-یان به به‌رپرسیاری هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی ئارامکۆ سعوودیه له‌قه‌ڵه‌مدا.
حەسەن روحانی له په‌راوێزی کۆبوونەوەكانی خولی ٧٤همینی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك به جیا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسۆن و سه‌ركۆماری سویسرا، ئولی مارهر و سه‌رۆكوه‌زیرانی سوید، ستیفان لۆفڤهن كۆبۆوه.
سه‌رۆكایه‌تی كۆماری ئێران رایگه‌یاند کە له میانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ی نێوان حەسەن روحانی و بۆریس جۆنسۆن-دا، تاوتوێی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و پێشهاتەكانی ناوچه‌كه كراوه.
حەسەن روحانی ره‌خنه‌ی له راگه‌یه‌ندراوه هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌ریتانیا، فه‌ڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا گرتووه كه ئێرانی تۆمه‌تبار كردووه به هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی ئارامکۆ سعوودیه و به "تۆمه‌تی بێ بنه‌ما" ناوی بردوون و داوایشی له‌و وڵاتانه كردووه پابه‌ندبن به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه‌وه.
سه‌ركۆماری ئێران ئاماژه‌ی به ئه‌زموونی رابردووی به‌ریتانیا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كردووه و گوتوویه‌تی: "زۆر نیگه‌رانین به دوا راگه‌یه‌ندراوی ئه‌و سێ وڵاته ئه‌ورووپییه كه له رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمیدا به‌شدارن. بڵاوكردنه‌وه ئه‌و راگه‌یه‌ندراوه بێ بنه‌مایه له‌و هه‌لومه‌رجه هه‌ستیار و ئاڵۆزه‌دا به هیچ جۆرێك بونیاتنه‌ر و سوودبه‌خش نییه".
حەسەن روحانی به‌ریتانیای به‌وه تۆمه‌تبار كرد كه پاشگهزبووەتهوه له‌وه‌ی ئێران له رووی ئابوورییه‌وه سوود له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی ببینێت، به بیری هێناوه‌ته‌وه لایه‌نه‌كانی رێككه‌وتنه‌كه به‌ڵێنیان داوه بۆ ره‌خساندنی كه‌شی ئابووری هاوبه‌ش و داوای كرد به خێرایی INSTEXی كه‌ناڵی دارایی كاری پێ بكرێت.
سه‌ركۆماری ئێران هه‌ماهه‌نگی وڵاتانی ناوچه‌كه‌ی به تاكه رێگای ئاسایش و سه‌قامگیری یه‌كجاره‌كی زانیووه، ئاماژه‌ی به‌وه‌یشداوه كه پشتیوانی به‌ریتانیا و وڵاتانی دیكه بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه كاریگه‌رییان ده‌بێت.
بۆریس جۆنسۆن-یش باسی له‌وه‌كردووه كه هه‌وڵی باشكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ تاران، جه‌ختی لهوهیشكردهوه كه پابه‌ند ده‌بن به رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی و گوتوویه‌تی: "به‌ریتانیا هه‌وڵی دا ئه‌مریكا له رێككه‌وتنه‌كه نه‌كشێته‌وه، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو. هیوادارم رێككه‌وتنی ئه‌تۆمی به‌رده‌وام بێت و گرژییه‌كانی ناوچه‌كه بڕه‌ونه‌وه".
دوێنێ راوێژكاری ئه‌ڵمانیا، ئه‌نگێلا مێركڵ و سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن و سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، بۆریس جۆنسۆن كه بۆ به‌شداریكردن له کۆبوونەوەكانی خولی ٧٤همینی كۆمه‌ڵه‌ی گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له نیویۆرك-ن له راگه‌یه‌ندراوێكی هاوبه‌شدا، ئێران-یان به به‌رپرسیاری هێرشكردنه سه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی سعوودیه له‌قه‌ڵه‌مدابوو.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا به‌توندترین شێوه ئیدانه‌ی ئه‌و هێرشانه كراوه كه ١٤ی ئهیلوول بۆسه‌ر دامه‌زراوه نه‌وتییه‌كانی سعوودیه ئەنجامدران و ئاماژه‌یان به‌وه داوه كه هاریكار ده‌بن له‌گه‌ڵ سعوودیه و ده‌ڵێن "دیاره كه ئێران به‌رپرسیاره له‌و هێرشانه. روونكردنه‌وه‌یه‌كی گونجاوتر له‌وه نییه. بۆ گه‌یشتن به ورده‌كاری زیاتر پشتیوانی له به‌رده‌وامی لێكۆڵینه‌وه له‌و رووداوه ده‌كه‌ین".