Hemin Hüseyin
20 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر-AA
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی لە بارەی رووەداوەکانی ئەم دواییەی چەند ناوچەیەکی پارێزگای سلێمانی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات کە خۆپێشاندانی شارستانی و ئاشتیانە مافی ھاووڵاتییانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت دەرچوونە لە چەمکی خۆپێشاندان و داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات کە سەر و ماڵی هاووڵاتییان بپارێزن و رێگا نەدرێت پەلاماری موڵکی گشتی بدەن.
ئەنجوومەنی ئاسایش هەروەها هۆشداری ئەوە دەدات کە "ئەم رەوشە تەڵە و داوێکی مەترسیدارە کە شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەرێم دەکاتە ئامانج".
ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، لە راگەیەندراوەکەدا داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات کە سەر و ماڵی هاووڵاتییان بپارێزن و رێگا نەدەن پەلاماری موڵکی گشتی بدەن.
دەقی راگەیەندراوەکە:
بەداخەوە لەم چەند رۆژانەی رابردوودا گرژی و ئاڵۆزی لە چەند ناوچەیەکی سنووری سلێمانی و گەرمیان و ھەڵەبجە روویدا کە زیانی گیانی و ماددی لێکەوتەوە. خۆپێشاندانی شارستانی و ئاشتییانە مافی ھاوڵاتییانە، بەڵام ئەوەی دەبینرێت دەرچوونە لە چەمکی خۆپێشاندان، بۆیە داوا لە ھاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین رێگا نەدەن داوا رەواکانیان ئاوێتەی ئەجێندای سیاسیی گوماناوی ناوخۆیی و ناوچەیی ببن. لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ ئاسایشی نیشتیمانیی ھەرێم، داوای وریایی و چاوکراوەیی زیاتری ھاووڵاتییان دەکەین. پێویستە گەلەکەمان بە یەکھەڵوێستی ئەم قۆناغە ببڕێت .دەبوایە ئەم خۆپێشاندانانەی ئێستا بە ئاراستەی دژایەتی ئەو سیاسەتە ناڕەوایەی دەسەڵاتی بەغدا بێت کە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر سیاسەتی ئابلۆقەدان و برسیکردنی ھاووڵاتیانی ھەرێمیان گرتووەتە بەر.
دەسەڵاتدارانی بەغدا خۆیان لە دانووستان لەگەڵ ھەرێم دەدزنەوە و لە ھەمانکاتدا ئابلۆقەی ئابووری و سیاسی و ھەڕەشەی سەربازیان لە سەر ھەرێم بەردەوامە. ئەوان گرەو لە سەر تێکچوونی رەوشی ناوخۆیی ھەرێم دەکەن، بۆیە ئەم رەوشە تەڵە و داوێکی مەترسیدارە کە شیرازەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەرێم دەکاتە ئامانج. داوا لە ھاووڵاتییانی خۆشەویستمان دەکەین ھەستیاریی قۆناغەکە لەبەرچاو بگرن و رێگا نەدەن خەڵکانێک لە پەنای داواکانی ئەوان پەلاماری دامودەزگاکان و موڵکی گشتی بدەن.
داوا لە ھەموو دامودەزگا ئەمنیەکانی ھەرێم دەکەین بە شێوەیەکی بەرپرسانە رووبەڕووی ھەر کارێکی تێکدەرانە ببنەوە و سەرو ماڵی ھاووڵاتییان و موڵکی گشتی و سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێم بپارێزن.