Safvan Allahverdi
10 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 10 تەمووز 2020
واشنتۆن- AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ راگەیەندراوێکی لەبارەی راپۆرتەکەی گوزارشتگەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کوژرانی نایاسایی و بەمەبەست، ئاگنەس کالامارد لەسەر کوژرانی قاسم سولەیمانی بڵاو کردەوە.
پۆمپیۆ کاردانەوەی توندی بەرامبەر راپۆرتەکە دەربڕیوە کە تیایدا کوژرانی سولەیمانی وەک کارێکی نایاسایی وەسفکراوە و نووسیویەتی: "بانگەشەکانی خاتوو کالامارد ساختەن، ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەی قاسم سولەیمانی تیادا کوژرا، وەڵامێک بوو بۆ پەلامارەکانی ئەو میلیشیایاینەی لە ئێران و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دژ بە ئەمریکا و بەرژەوەندییەکانی کار دەکەن و پەلامارەکانیان لە چەند مانگی رابردوودا زیادی کردبوو".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەیشی کردوە کە ئێران هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆسەر بەرژەوەندییە نیشتیمانییەکانی وڵاتەکە و نووسیویەتی: "ئەمریکا شەفافە لەسەر ئەوەی ئۆپەراسیۆنی کوشتنی قاسم سولەیمانی لەسەر بنەمای یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراون، لە هەشتی حوزەیرانی ٢٠٢٠دا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشمان خستەڕوو کە ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی مافی رەوای بەرگری لەخۆکردنی ئەمریکا ئەنجامدراوە. هەروەک سەرۆک تڕەمپ دەڵێت هەمیشە دیپلۆماتکار و سەربازانی ولاتەکەمان دەپارێزین".
جێی وەبیرهێنانەوەیە گوزارشتگەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کوژرانی نایاسایی و بەمەبەست، ئاگنەس کالامارد، لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لەبارەی کوژرانی رۆژنامەنووسی سعوودی، جەمال خاشقچی لە نووسینگەی جنێڤی نەتەوەیەکگرتووەکان سازی کردبوو باسیشی لەو راپۆرتەش کرد کە لەسەر کوژرانی فەرماندەی هێزی قودس-ی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، قاسم سولەیمانی ئامادەی کردوە.
کالامارد جەختی لەوە کردبووەوە کە سولەیمانی هیچ ئامادەکارییەکی بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق نەکردوە هەربۆیە کوژرانی ئەو فەرماندە ئێرانییە لەلایەن ئەمریکاوە کارێکی نایاسایی بووە.