جيهان

راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: "رژێمی ئەسەد تاوانی جەنگی ئەنجامداوە"

Bayram Altuğ  | 02.03.2021 - نوێکردنەوە : 03.03.2021
راپۆرتێکی نێودەوڵەتی: "رژێمی ئەسەد تاوانی جەنگی ئەنجامداوە"

Geneve

جنێڤ- AA

لێژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا راپۆرتێکی ٣٠ لاپەڕەیی بۆ رای گشتی بڵاوکردەوە کە باس لە رەوشی مافی مرۆڤ دەکات لە ١٠ ساڵی رابردووی شەڕی ناوخۆی ئەو وڵاتەدا.

لە راپۆرتەکەدا جارێکی دیکەش ئەوە دووپاتکراوەتەوە کە رژێمی ئەسەد دژبە گەلەکەی خۆی تاوانی جەنگ و نامرۆڤانەی ئەنجامداوە و لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سووریا-وە، دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی بێسەروشوێن کراون کە تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

باس لەوەشکراوە کە ئەگەر وا دابندرێت زۆرینەی ئەو کەسانە لەسێدارەدراون، ئەوا پێدەچێت بەشێکیان هێشتا لە ژیاندامابن و لەهەلومەرجێکی نامرۆڤانەدا دەستبەسەربن.

لێژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا لە راپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە کە دەستگیرکراوەکان لە زینداندا رووبەڕووی ئەشکەنجە و دەستدرێژی بوونەتەوە.

جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە بێسەروشوێنبوونی دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی، مۆتەکەیەکی کۆمەڵایەتی لەناو سووریادا ناوەتەوە.

سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا، پاولۆ پینهێیرۆ بانگەوازێکی ئاراستەی رژێمی ئەسەد کرد و رایگەیاند "ئەندامانی سەدان هەزار خێزان، مافی ئەوەیان هەیە کە بزانن چی بەسەر خۆشەویستانیاندا هاتووە".

لە راپۆرتەکەدا هەروەها باس لەوەکراوە کە رێکخراوە تیرۆریستییەکانی وەک یەپەگە و داعش لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵیان تاوانی جەنگیان ئەنجامداوە.

لێژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا ئاماژەی بەوەشداوە کە لە سووریادا، پێنج سوپا لە شەڕ و پێکداداندان و ئەمەش وای کردووە رەوشی ئەو وڵاتە زۆر ئاڵۆز ببێت.

داواشکراوە بۆ دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کەسانەی بێسەروشوێنن میکانیزمێکی نێودەوڵەتی پێکبهێندرێت.

لێژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا بۆ ئامادەکردنی راپۆرتەکەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ دوو هەزار و ٦٥٨ کەس ئەنجامداوە کە پێشتر لە زیندانەکانی ئەسەد-دا بوون.

هەروەها بۆ ئامادەکردنی بەڵگەنامەی تایبەت بەو تاوانانەی لە زیاتر لە ١٠٠ زینداندا ئەنجامدراون، سوود لە پەڕاوی فەرمی، وێنە و ڤیدیۆ وەرگیراوە.

لێژنەی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی سەربەخۆ سەبارەت بە سووریا بە چوار ساڵ راپۆرتەکەی ئامادەکردووە و تیایدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە رژێمی ئەسەد چەندین جار تاوانی جەنگ و نامرۆڤانەی ئەنجامداوە.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın