Zana Natık Kerem
08 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح و باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز تاوتوێی پێشھاتەکانی ناوچەکەیان کرد.
نووسینگەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە کە بەرھەم ئەحمەد ساڵح، پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا، فاتح یڵدز کردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە دیدارەکەدا، تاوتوێی دوا پێشھاتەکانی ناوچەکە کراوە، ھەروەھا سەبارەت بە ئاستی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا و پێوستی کارکردن بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکان لە بوارە جیاجیاکان و زامنکردنی بەرژەوەندییەکانی ھەردوو وڵات و گەلی دۆست، گفتوگۆ کراوە.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە ھەر لە دیدارەکەدا سەرکۆماری عێراق، بەرھەم ئەحمەد ساڵح جەختیکردووەتەوە لە گرنگی پارێزگاری لە ئاسایش و ئارامی و کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، ھەروەھا بەرھەم ساڵح پێوستی درێژەدان بە گفتوگۆ و دیالۆگی بەردەوام بۆ تاوتویکردنی کێشەکان و رێزگرتن لە سەروەری وڵاتان و رەتکردنەوەی ھەموو جۆرە ھۆکارێک کە ببێتە مایەی تێکدانی متمانە و ھەڕەشە بۆ سەر ئاشتی گەلانی دووپاتکردووەتەوە.