Dildar Baykan
08 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کە چارەسەری پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ وەردەگرێت، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنتی بۆدی کۆکتەیڵ کە کۆمپانیای ریگینیرۆن دژبە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ پەرەی پێداوە بۆ خۆی زۆر باش بووە و ئەو دەرمانە بێ بەرامبەر بۆ هەموو کەسێک دروست دەکەن و رایگەیاند ''پێموایە ئەو نەخۆشییە بەزەیی خوایە بۆ من''.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە لە باخچەی کۆشکی سپی لەبەردەم نووسینگەی ئۆڤاڵ تۆماری کردبوو، ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە دوای چوار رۆژ مانەوە لە نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر رید، دوێنێ گەڕاوەتەوە بۆ کۆشکی سپی و گوتی: ''دەمتوانی لە کۆشکی سپی بمێنمەوە، بەڵام پزیشکەکان بە گوتنی ئەوەی من سەرۆکم، بردیانم بۆ نەخۆشخانە''.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ گوتیشی: ''پزیشکەکان کارێکی زۆر باشیان کرد. کاتێک چووم بۆ نەخۆشخانە هەستم نەدەکرد زۆر باش بم. دەرمانێکیان دامێ بەناوی ریگینیرۆن، شتی دیکەشیان کرد، بەڵام بەڕای من بنەڕەترین دەرمان ئەوە بوو، ئەوەی روویدا لە ماوەیەکی کورتدا باوەڕپێکراو نەبوو. هەستم کرد باش بووم''.
دۆناڵد ترەمپ باسی لەوە کرد کە دەسەڵاتی ''بەکارهێنان لە کاتی لەناکاودا'' دەدەن بە دەرمانی بەناو ریگینیرۆن و گوتی: ''ئەگەر لە نەخۆشخانەن و هەست دەکەن دۆختان خراپە، ئەوا ئەو دەرمانە بەبێ بەرامبەر وەربگرن''.
سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە زانایان لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، کاری زۆر باشیان لە بواری بەرەنگاربوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێدا کردووە و لەئێستادا، بوونی دەرمانێک کە دژبە ڤایرۆسەکە بەکاربهێنرێت گرنگترە لە پێکوتە.
دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە کە کارەکانی دروستکردنی ڤاکسین بەخێرایی درێژەی هەیە و گوتی: ''لە کاتێکی کورتدا ڤاکسینمان دەبێت. بەڕای من دەبوو پێش هەڵبژاردنەکان ئەوەمان بکردایە، بەڵام سیاسەت کەوتە ناو کارەکەوە. کێشە نییە. ئەوان دەیانەوێت یارییەکانیان بکەن، دوای هەڵبژاردنەکان ڤاکسینمان دەبێت''.
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ هەروەها باسی لەوە کرد کە فەرمانگەی دەرمان و خۆراکی ئەمریکا زۆر خێرا کاریکردووە و بەم شێوەیە باسی لە دەرمانی کۆمپانیای ریگینیرۆن کرد و گوتی: ''پێموایە ئەو نەخۆشییە بەزەیی خوایە بۆ من. لێرەدا بەزەییەکی شاراوە هەیە. تووشی ئەو نەخۆشیە بووم، ئاگاداربووم لەو دەرمانە، پێمگوتن کە ئەو دەرمانەم پێ بدەن. ئەوە پێشنیازی من بوو. دەرمانەکەش زۆر باش و بەسوود بوو. ئەگەر ئەو نەخۆشییەم نەگرتایە ئاگادار نەدەبووم لەو دەرمانە. دەمەوێت هەمان ئەو چارەسەرەی بۆ من کرا بۆ ئێوەش بکرێت و ئەو دەرمانە بێ بەرامبەر دەکەم''.
دۆناڵد ترەمپ لە پەیامەکەیدا دووبارە چینی تۆمەتبارکردەوە لەبارەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و گوتی: ''ئەوەی روویدا هەڵەی چین بوو نەوەک ئێوە. چین باجێکی گەورە دەدات بۆ ئەوەی بەسەر ئەم وڵاتە و جیهاندا هێنای''.