Abdullah Shukur,Mazın Asad
05 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی داعش بە سەرکردایەتی ئەمریکا، عەقید جۆن دۆریان رایگەیاند کە ژمارەی ئەو یەکینانەی کە پاڵپشتی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش دەکەن بۆ دوو ھێندە زیاد کردووە.
دۆریان بە رێگەی تەلەکۆنفرانسەوە لە شاری بەغدا بۆ رۆژنامەوانانی وەزارەتی بەرگری (پنتاگۆن) لێدوانی دا و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی داعش لە سووریا و عێراق دایەوە.
دۆریان گوتیشی: "ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەمەبەستی خێراکردنی پێشڕەوی ھێزەکانی عێراقی لە مووسڵ، ھێرشەکانیان بۆ سەر پێگەکانی داعش چڕکردووەتەوە و بەمەبەستی پاڵپشتی تاکتیکی و راھێنان ژمارەی سەربازەکانمان زیادکردووە".
دۆریان ئاماژەی بەوەش دا کە ٤٥٠ سەرباز کە لە یەکینەکانی ھێزی تایبەت و شارەزایانی ھەواڵگری و ئەندازیاران پێکھاتووە، رەوانەی ناوچەکە کردووە و ئەمەش ژمارەی سەربازانی خۆیان لە ئۆپەراسیۆنی مووسڵ دوو ھێندە کردووە، گوتیشی: "ئەم کارە بەمەبەستی پشتیوانی لە ھەنگاوی دووەمی ئۆپەراسیۆنەکە دوو ھەفتە پێش ئێستا ئەنجامدراوە".
دۆریان ئاماژەی بەوەش دا کە ناو ناو سەربازانی ئەمریکا دەچنە نێو مووسڵ و دەردەچن و لەبارەی رزگاکردنی مووسڵ لە داعشیش، ھیچ بەروارێکی دیاریکراوی نەدا.
ناوبراو لەبارەی دەنگۆکانی کوژرانی سێ سەرکردەی داعش لە ھێرشێکی ئاسمانی ھاوپەیمانان لە عێراق، رایگەیاند: "سەرکردەکانی داعش ئەبو تورک و فەلاح ئەلرەشیدی لە ٤ی کانوونی یەکەم و ئیمام عەبدوڵڵا حەمید مەحەلاوی-ش لە ٢١ی کانوونی یەکەم لە ھێرشە ئاسمانییەکاندا کوژران".
دۆریان روونیشی کردەوە کە ئەلرەشیدی دەستی لە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژەکانی عێراق ھەبووە و مەحەلاوی-ش یەکێک بووە لە سەرکردە گرنگەکانی داعش لە عێراق و لە ھێرشێک بۆ سەر داعش لە شاری قایم کوژراوە.
ئەوەشی خستەڕوو کە سەرکردەکەی دیکەی داعش ئەبو تورک رۆڵێکی گرنگی لە دابەشکردنی سەرچاوەکانی دارایی داعش ھەبوو و ھەروەھا پەیوەندی بە بەرپرسانی باڵای داعشیش ھەبووە و راشیگەیاند ئەو سەرکردەیەکی داعش لە ئەنجامی ھێرشێکی ئاسمانی ھاوپەیمانان بۆ سەر ئۆتۆمبێلێکی تیرۆریستان کوژراوە.