Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
07 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 07 تشرینی دووەم 2018
واشنتۆن- AA
بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکانی هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٢٠١٨، کۆماريیەكان لە ئەنجوومەنی پیران پارێزگارییان لە کورسییەکانیان کە زۆرینەیە، کردووە لە کاتێکدا دیموکراتەکان توانیویانە لە ئەنجوومەنی نوێنەران زۆرینە بۆ خۆیان دەستەبەربکەن.
لە هەڵبژاردنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ٢٠١٨دا، هاووڵاتییان بە مەبەستی هەڵبژاردنی ٣٥ ئەندامی ئەنجوومەنی پیران و هەر ٤٣٥ ئەندامەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران، روویان لە ناوەندەکانی دەنگدان کرد.
لە کاتێکدا لە ژمارەیەک لە ویلایەتەکانی ئەو وڵاتە پرۆسەی ژماردنی دەنگەکان هێشتا درێژەی هەیە، بەپێی ئەنجامە نافەرمییەکان دیموکراتەکان لەدوای هەشت ساڵ توانیویانە زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەران لەدەستی کۆمارییەکان دەربهێنن.
بەپێی دوایین زانیارییەکانی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێس، کۆمارییەکان لە ئەنجوومەنی پیران گەیشتوونەتە، ٥١ کورسی و گرەنتی باڵادەستییان لە ئەنجوومەنەکەدا کردووە. چاوەڕوان دەکرێت لە ئەنجامی ژماردنی دەنگەکاندا کە هێشتا درێژەی هەیە، کۆمارییەکان یەک بۆ دوو کورسی دیکە ببەنەوە.
هاوکات دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەران، ٢١٠ کورسییان بردووەتەوە و کۆمارییەکان لە ١٩١ کورسیدا ماونەتەوە. ژماردنی دەنگەکانی ئەو کورسییانەی ماوەتەوە کە کۆی گشتیی ٤٣٥ کورسییە، درێژەی هەیە.