Sarmand Hameed
18 تەمووز 2018•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2018
واشنتۆن - AA
دوو ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا داوای بانگهێشتکردنی وەرگێڕەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دەکەن بۆ گوێگرتن لە گوتەکانی لەبەردەم ئەنجوومەنەکە لەبارەی ناوەڕۆکی لووتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە هێلسینکی پایتەختی فینلاند بەڕێوەچوو.
لە میانی لووتکەی نێوان سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین بەر لە کۆبوونەوەی نێوان شاندەکان، ترەمپ و پوتین بە ئامادەبوونی دوو وەرگێڕ بۆ ماوەی دوو کاتژمێر بە تەنها کۆبوونەوە.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، جین شاهین لە پارتی دیموکرات لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر داوایکردووە وەرگێڕەکەی ترەمپ بانگهێشت بکرێت بۆ گوێگرتن لە گوتەکانی لەبەردەم ئەنجوومەنەکەدا.
جین شاهین لو تویتەکەیدا نووسیوویەتی: "داوا لە کۆنگرێس دەکەم بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێک بۆ گوێگرتن لە وەرگێڕەکەی ئەمریکا کە لە کۆبوونەوەی ترەمپ لەگەڵ پوتین ئامادەبووە بۆ ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی ئەو کۆبوونەوە تایبەتەی لە نێوان هەردوو سەرۆک ئەنجامدراوە".
جین شاهین هەروەها نووسیوویەتی: "ئەو وەرگێرە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە ئاشکراکردنی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و ئەو بەڵێنانەی کە سەرۆکی ئەمریکا بە پوتین-ی داوە لە بری ئێمە".
هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە پارتی کۆماری، جۆ کیندی بەهەمان شێوەی جین شاهین داوایکردووە کە ئەو وەرگێڕە ئەمریکییەی لە لووتکەی نێوان ترەمپ و پوتین ئامادە بووە، بانگهێشتی ئەنجوومەنی نوێنەران بکرێت بۆ گوێگرتن لە گووتەکانی.
جۆ کیندی لە تویتێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیوویەتی: "رۆژێکی خەمناک بوو، ناکرێت ئەمریکا پشت بە سەرۆکەکەی ببەستێت کە ئاسایش، دیموکراتی و متمانەی ئێمەی بە دوژمنێک فرۆشت کە تاوەکو ئێستا هێرش دەکاتە سەر پیرۆزییەکانمان".
جۆ کیندی لە بەشێکی دیکەی تویتەکەیدا نووسیوویەتی: "پێویستە وەرگێڕەکەی ترەمپ لەبەردەم کۆنگرێس ئامادە بێت و باس لەوە بکات کە شتێک بەتایبەت گوتراوە، ئەگەر کۆمارییەکان لەوە نیگەرانن، پێویستە ئەمڕۆ داوای بانگهێشتکردنی وەرگێڕەکە بکەن".
رۆژی سێشەممەی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دوای کۆبووەنەی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین کە رۆژی دووشەممەی رابردوو لە هێلسینکی پایتەختی فینلاند بەڕێوەچوو رایگەیاند کە ئەو ئەنجامانە قبووڵ دەکات کە هەواڵگری وڵاتەی پێیگەیشتووە کە جەخت لە دەستوەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا لە ٢٠١٦ دەکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەیدا دانی بەودا نا کە لە میانی کۆنگرە رۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین هەڵەی کردووە کاتێک گوتوویەتی "هیچ هۆکارێک نابینێت بۆ دەستووەردانی رووسیا لە هەڵبژاردنەکاندا" و قبووڵکردنی ئەو ئەنجامانەی هەواڵگری وڵاتەکەی لەو بارەیەوە پێیگەیشتووە، بەڵام جەختی لەوە کردوو کە ئەو دەستوەردانە کاریگەری لەسەر ئەنجامەکان نابێت.
لە میانی مانگەکانی دواییدا راپۆرتە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا گەیشتە ئەو دەرئەنجامەی کە "رووسیا تێوەگلاوە بە دەستوەردان لە هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا"، لەبەرامبەردا دۆناڵد ترەمپ ئەو دەستوەردانانە رەت دەکاتەوە.