Mazın Asad
03 شوبات 2018•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2018
مۆسکۆ - AA
وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند کە ئەو فڕۆکەی لە لایەن ئۆپۆزسیۆن لە شاری ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریا خرایە خوارەوە، فڕۆکەیەکی جەنگی رووسییە و فڕۆکەوانەکەشی گیانی لەدەست داوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی بەرگری رووسیا، فڕۆکەیەکی جەنگی رووسی جۆری Su-٢٥ لە ناوچەی داماڵدراو لە پێکدادان لە ئیدلب خراوەتە خوارەوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە فڕۆکەوانەکە بەر لە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە، توانیویەتی خۆی رزگار بکات، بەڵام دواتر لە شەڕوپێکدادانێک لە ناوچەیەکی ژێر کۆنترۆڵی بەرەی نوسرە گیانی لەدەست داوە.
ھەر لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش روون کراوەتەوە کە بە مەبەستی رادەستکردنی تەرمی فڕۆکەوانەکە، کارەکان لە نێوان هەردوو وڵاتی گەرەنتیکاری ناوچەکانی داماڵدراو لە پێکدادان لە ئیدلب کە رووسیا و تورکیایە بەڕێوە دەچێت.
پێشتر ئاماژە بەوە کرابوو کە فڕۆکەکە سەر بە رژێمی ئەسەد بووە.