Muhammet Kurşun,Mohammed Baqi Hussein
13 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2019
تاران - AA
وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف لەبارەی گەڕانەوەی حكوومەتی تاران و بەغداد بۆ رێككەوتنی 1975ی جەزائر رایگەیاند، "یەكێكی دیكە لە شوێنەوارەكانی جەنگی سەدام لەناوبرا".
زەریف لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، رێككەوتنەكانی نێوان حكوومەتی تاران و بەغدای لە میانی سەردانەكەی سەركۆماری ئێران، حەسەن روحانی بۆ بەغداد هەڵسەنگاند.
زەریف ئاماژەی بەوەداوە كە شەوی رابردوو لە لایەن سەرۆكوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی-یەوە پێشوازییان لێكراوە و گوتی: "ئەمڕۆ سەركردەكانی هەردوو وڵات بەیاننامەیەكی هاوبەشی مێژووییان بڵاوكردەوە. رێككەوتنی 1975جێبەجێ دەكرێت و رووباری نێوان هەردوو وڵات بەخێرایی لە قوڕ و لیتە پاكدەبێتەوە. بەم راگەیەندراوە، یەكێك لە پاشماوەكانی جەنگی سەدامیش لەناوچوو".
رێككەوتنی "سنوور و دراوسێیەتیی باش" كە بە رێككەوتنی جەزائر ناسراوە و لە نێوان جێگری سەركۆماری ئەو كاتەی عێراق، سەدام حسێن و شای ئێران، محەمەد رەزا پەهلەوی-دا، بەنێوەندگیریی سەرۆكی جەزائر واژووكرابوو، دیاریكردنی سنووری وشكانی و ئاویی نێوان هەردوو وڵاتی لەخۆدەگرت، بەڵام سەدام ساڵی 1980 هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنەكەی راگەیاند.