Dlshad Saifaalddin Ahmed
13 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 13 ئادار 2019
سلێمانی ـ AA
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی، حەسەن نوری رایگەیاند کە دوای ھەوڵ و گەڕانێکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان، تواندرا ئەو کەسانە و بڕی پارەکەش بە تەواوەتی بدۆزرێتەوە.
حەسەن نوری لەو بارەیەوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وردەکاری رووداوەکەی روونکردەوە و گوتی: "دۆزینەوە و دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارەیە کە دوێنێ و لە لایەن باندێکەوە رفێندرا، لەسەرەتای رووداوەکەوە سەرەداوی پێویستمان پێگەیشت و دوای ھەماھەنگی ھەموو ھێزە ئەمنییەکان تواندرا باندەکە و پارەکەش بدۆزرێتەوە".
بەڕێوەبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی، حەسەن نوری گوتی: "باندەکە لە حەوت کەس پێکھاتووە و پێشتر لە رێگەی گرتووخانەوە یەکیان ناسیوە، پێش ١٠ رۆژ پلانی ئەنجامدانی ئەو کارەیان داناوە و ئامادەکاری پێویستیان کردووە بۆ کارەکە".
بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەش کرد، تۆمەتبارەکان لە ئاسایشی سلێمانی دەستبەسەرکراون و دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە.
نیوەرۆی دوێنێ سێشەممە لەناو شاری سلێمانی و لە میانی گواستنەوەی بڕی یەک ملیار دیناری مووچەی نەخۆشخانەی شار لە بانکەوە بۆ نەخۆشخانەکە لەناو بازاڕی شارەکە لە لایەن ژمارەیەک چەکداری نەناسراوەوە رێگە بە ئۆتۆمبێلەکەیان گیراوە و پارەکەیان دزی.
دوای رووداوەکە ھێزە ئەمنییەکان رێوشوێنی توندیان گرتە بەر و لەسەر زۆربەی رێگاوبانەکانی شارەکە بڵاوبوونەوە و دەستیان بە گەڕان و پشکنین کرد.