Ramal Mahmood
09 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2016
حەلەب - AA
- لەئاکامی هێرشی هێزەکانی رژێمی ئەسەد و پشتیوانانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژهەڵاتی حەلەب ٤٦ هاووڵاتی سیڤیل کوژران و ٢٣٠ هاووڵاتیی دیکەس برینداربوون.
- بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکان لە ١٥ی تشرینی یەکەمەوە تاکو ئێستا ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی بوونەتە قوربانی بۆ ٩٣٥ کەس بەرزبووەتەوە.
لەئاکامی هێرشەکانی هێزەکانی رژێمی ئەسەد و پشتیوانانی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژهەڵاتی حەلەب ٤٦ هاووڵاتی سیڤیل کوژران و ٢٣٠ هاووڵاتیی دیکەس برینداربوون.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی لە حەلەب، نەجیب ئەنساری بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، کە هێزەکانی سەربە رژێمی ئەسەد و پشتیوانانی لەڕێگەی ئاسمانی و وشکانییەوە بە چڕی بۆردومانی گەڕەکەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەکات. گوتیشی: "١٤٠ هێرشی ئاسمانی کراوەتە سەر گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن. لەئاکامی هێرشە ئاسمانی و وشکانییەکانی بۆسەر گەڕەکی جەلوم، شەش کەس گیانیان لەدەست دا، لە باب کنسرین حەوت کەس، لە کەلاسە نۆ کەس، لە بوستان ئەلقەسر پێنج کەس، لە مەغایر دوو کەس، لە مەعادی حەوت کەس، لە فیردەوس سێ کەس، لە ئەنساری چوار کەس، لە زیدبییە دوو کەس لە گەڕەکی مەساکین فیردەوس ـیش یەک کەس گیانی لەدەستداوە. بەگشتیی ٢٣٠ کەسیش بریندار بوون".
ئەنساری ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ گوللـە هاوەن لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆن لە رۆژهەڵاتی حەلەب کەوتوونەتە خوارەوە، گوتی: "هەلیکۆپتەرە سەربازییەکانی سوپای رژێم بە بۆمبی بەرمیلی کە گازی کلۆری تیادا بووە هێرشیان کردووەتە سەر ئەم ناوچانە. بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازەکەش کاریگەری کردووەتە سەر ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی. بەهۆی چڕبوونەوەی بۆردومانەکان پەیوەندی لەگەڵ چەند ناوچە پچڕاوە. تادێت رەوشی مرۆیی لە شارەکە خراپتر دەبێت. بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکان لە ١٥ی تشرینی یەکەمەوە تاکو ئێستا ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی بوونەتە قوربانی بۆ ٩٣٥ کەس بەرزبووەتەوە".