Abdel Ra'ouf D. A. R. Arnaout
08 تشرینی یەکەم 2023•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2023
قودس – AA
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە لە ئاکامی ڕووداوێکی تەقەکردن لە گرووپێکی گەشتیاریی ئیسرائیلی لە باکووری میسر، دوو ھاووڵاتیی ئیسرائیلی کوژراون و یەکێکی دیکەیش برینداربووە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا لە بارەی ڕووداوەکەوە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەمڕۆ یەکشەممە، گرووپێکی گەشتیاریی ئیسرائیل سەردانی شوێنێکی گەشتیارییان کردووە لە پارێزگای ئەسکەندەرییە باکووری میسر، بەڵام لەلایەن کەسێکەوە تەقەیان لێکراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە ئاکامی ڕووداوەکەدا، دوو ھاووڵاتیی ئیسرائیلی و ڕێبەری گرووپە گەشتیارییەکە کە کەسێکی میسری بووە، کوژراون، ھەروەھا ھاووڵاتییەکی دیکەی ئیسرائیلی برینداربووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ھاتووە: "وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل و باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە قاھیرە لەگەڵ دەسەڵاتدارانی میسر کار دەکەن، بۆ ئەوەی گەشتیارییە ئیسرائیلییەکان لە نزیکترین کاتدا لە میسرەوە بگەڕێننەوە بۆ ئیسرائیل".
ھاوکات میدیاکانی میسر بڵاویان کردووەتەوە، ئەو کەسەی کە لە پارێزگای ئەسکەندەرییە، تەقەی لە گرووپە گەشتیارییە ئیسرائیلییەکە کردووە ، پۆلیسە و لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی میسرەوە دەستگیرکراوە.
تا ئێستا ھێچ ڕاگەیاندراوێکی فەرمی لەلایەن دەسەڵاتدارانی میسرەوە لەبارەی ڕووداوەکەوە بڵاونەکراوەتەوە.