Adil Essabiti
15 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2019
تونس ــ AA
دەنگدەران لە تونس بە مەبەستی بەشدارییكردن لە هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییدا، روویان لە بنكەكانی دەنگدان كرد.
٢٤ كاندید ركابەری یەكتر دەكەن بۆ بەدەستهێنانی كورسی سەرۆكایەتی تونس دوای ئەوەی هەریەك لە كاندیدی پارتی پڕۆژەی تونس، موحسن مەرزوق و كاندیدی پارتی وەتەنی نوێ، سەلیم ریاحی لە بەرژەوەندی كاندیدی سەربەخۆ، عەبدولكەریم زوبێدی كشانەوە.
لەم هەڵبژاردنەدا، حەوت ملیۆن و ١٥٥ هەزار دەنگدەر كە ناوی لە لایەن دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە تۆماركراوە مافی دەنگدانیان هەیە.
پرۆسەی دەنگدان لە ١٣ هەزار نووسینگەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت كە بەسەر چوار هەزارو ٥٦٧ ناوەندی دەنگدان لە ٣٣ بازنەی هەڵبژاردن لە ناوخۆ و دەرەوەی تونس دابەشكراون.
پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تونس لە كاتژمێر ٠٧:٠٠ بە كاتی ناوخۆ دەستیپێكرد و لە كاتژمێر ١٨:٠٠ كۆتایی دێت و دواتر دەست بە جیاكردنەوە و ژماردنی دەنگدەكان دەكرێت.
چوارهەزار و ٥٠٠ چاودێری سەربە ژمارەیەك رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی خۆجێی لەگەڵ ٣٠٠ چاودێری بیانی لە بنكەكانی دەنگداندا بڵاوكراونەتەوە و چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی تونس دەكەن.
لە دوای شۆڕشی کانوونی دووەمی ٢٠١١، ئەمە دووەمجارە پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە تونس بەڕێوەدەچێت.