06 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2019
تونس ــ AA
دەنگدەران لە تونس بە مەبەستی بەشدارییكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، روویان لە بنكەكانی دەنگدان كرد.
پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە تونس لە كاتژمێر ٠٧:٠٠ بە كاتی ناوخۆ دەستیپێكرد.
لەم هەڵبژاردنەدا، حەوت ملیۆن و ١٥٥ هەزار دەنگدەر كە ناویان لە لایەن دەستەی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە تۆماركراوە مافی دەنگدانیان هەیە.
پرۆسەی دەنگدان لە ١٣ هەزار نووسینگەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت كە بەسەر چوار هەزارو ٥٦٧ ناوەندی دەنگدان لە ٣٣ بازنەی هەڵبژاردن لە ناوخۆ و دەرەوەی تونس دابەشكراون.
دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی تونس رایگەیاندووە كە لەبەر هۆكاری ئەمنی ٢٤٢ بنكەی دەنگدان لە كاتژمێر ١٠ی بەیانی بەكاتی ناوخۆ لە رۆژئاوای وڵات بەڕووی دەنگدەراندا كراونەتەوە و لە كاتژمێر چواری ئێوارە دادەخرێن.
بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین ژمارە لە كورسییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران كە ژمارەیان ٢١٧ كورسییە، هەزار و ٥٩٢ لیست ركابەری دەكەن كە ٦٩٥یان وەك پارت و ١٩٠یان وەك لیستی هاوپەیمانییەتی، ٧٠٧یان وەك لیستی سەربەخۆن و زیاتر لە ١٥ هەزار كەس لە چوارچێوەی ئەو لیستانەدا بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران كاندیدكراون.
پێشتر سەرۆكی دەستەی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی تونس، نەبیل بفۆن رایگەیاندبوو كە تەنها ١٠ پارت لەنێو ٢٢١ پارتدا لەسەرجەم بازنەكاندا ركابەری دەكەن.
لە دوای شۆڕشەكەی ٢٠١١وە ئەمە دووەمجارە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە تونس بەڕێوەدەچێت.