Behlül Çetinkaya
08 مای,س 2021•نوێکردنەوە: 08 مای,س 2021
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، بە توندی ئیدانەی ھێرشی ھێزەکانی ئیسرائیل-ی بۆ سەر نوێژخوێنانی مزگەوتی ئەقسا کرد.
لەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا بڵاوکراوەتەوە، ھاتووە، "بە توندی ئیدانەی هێرشەکانی ھێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئەو فەڵەستینییانە دەکەین کە لە مزگەوتی ئەقسا لە پەرستشدابوون و بووە ھۆی برینداربوونی ژمارەیەکی زۆری سڤیلی فەڵەستینی".
لە راگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئیسرائیل، بە درێژایی مانگی رەمەزان ئازادی پەرستشی خەڵکی فەڵەستین و پێگەی حەرەمی پیرۆزی کردووەتە ئامانج، لە راگەیەندراوەکەدا زیاتر ھاتووە، "حکوومەتی ئیسرائیل کە ھۆکاری روودانی رووداوەکانی ئەم ئێوارەیەیە، بانگھێشت دەکەین كە بە زووترین کات واز لە ھەڵسوکەوتی شەڕانگێزانە و ئاژاوەگێریی بھێنێ".
راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوە کردووە کە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو، دوێنی (٧ی ئایار) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەڵەستین ریاز ئەلمالکی کە سەردانی ئەنقەرە-ی کردبوو، تاوتوێی گرتنەبەری ھەنگاوی پێویست لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کردووە و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پرسی رەوای گەلی فەڵەستین.