Sangar Hamad Azeez,Mazın Asad
01 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
دوای پەلامارە تیرۆریستییەکەی دوێنێی شاری نیورۆك، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند کە دەچێتە کۆنگرێس و داوا دەکات کۆتایی بە پڕۆگرامی (Diversity Visa Lottery) بێت. کە پڕۆگرامێکە ئەمریکا ساڵانە پەیڕەوی دەکات بۆ هێنانی کۆچبەر لە تەواوی وڵاتانی جیهان بۆ وڵاتەکەی و تیایدا کۆچبەران دەبنە هەڵگری گرین کارد بۆ مانەوە لەو وڵاتە.
ترەمپ لە کۆشکی سپی هەڵسەنگاندنی بۆ پەلامارەکەی دوێنێی نیویۆرک کرد بۆ رۆژنامەنووسان.
ترەمپ تیشکی خستە سەرئەوەی کە پەلاماردەرەکە ناوی "سایفولۆ سایپۆڤ "بووە و خاوەنی " Green Card" بووە کە لە ساڵی ٢٠١٠ وەک کۆچبەر هاتووەتە ئەمریکاوە و گوتی: "لەمڕۆوە کۆتایی بە پڕۆگرامی "Diversity Visa Lottery" دەهێنم. لە ئێستاوە رێنمایی تەواو دەدەمە کۆنگرێس بۆ ئەوەی کاربکەن لەسەر وەستاندنی ئەو پڕۆگرامە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە ناوی بەرنامەکە پێشوازی لێدەکرێت، بەڵام بۆ ئەمریکا ناکرێت پێشوازی لەو ناوە بکرێت و گوتیشی: "ئێمە دەمانەوێت بەرنامەیەک بێنینە ئاراوە کە بەھرە و تواناکان لەخۆ بگرێت. پێویستە بەگوێرەی تواناکان مرۆڤەکان لەم وڵاتەدا ئەرکیان پێ بدرێت".
سەرۆکی ئەمریکا روونیشی کردەوە کە پاکێجەکە چەند یاسایەکی باش لەخۆ دەگرێت و داواشی لە دیموکراتەکان کرد کە دژی پاکێجەکە نەوەستن.
لەبارەی ھێرشەکەی نیویۆرک، ترەمپ ھێرشبەرەکەی بە "ئاژەڵ" ناوزەد کرد و ئاشکراشی کرد کە لێکۆڵینەوەکان بە ھەماھەنگی لەگەڵ بەرپرسانی فیدراڵی بە فراوانی بەڕێوە دەچێت.
پۆلیسی نیویۆرک لەبارەی ھێرشەکەی دوێنێ رایگەیاند ھێرشبەرەکە بە رەچەڵەک خەڵکی ئۆزبەکستانە و لەدوای ساڵی ٢٠١٠ ەوە لە ئەمریکا نیشتەجێیە. سەرۆکی شارەوانی نیویۆرک، بیل دی بلاسیۆ رایگەیاند رووداوەکە ھێرشێکی تیرۆریستییە و لە ئاکامیدا ھەشت کەس گیانی لەدەست داوە و لانی کەم ١٢ کەس بریندار بوون.