Mazın Asad
01 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 04 تشرینی دووەم 2017
لەندەن - AA
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تیریزا مەی لەبارەی گرفتەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندی عێراق و ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "دەمانەوێت رێککەوتنی سیاسی لە عێراق ببینین. بانگەوازی پشوودرێژی، ئەنجامدانی دیالۆگ و بەرەوپێشبردنی ئەم بابەتە بە رێگەی دانوستان لە گشت لایەنەکان دەکەین".
مەی لەمیانی بەشداریکردنی لە دانیشتنی "پرسیار بۆ سەرۆکوەزیران" لە پەرلەمانی وڵاتەکەی، وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە.
جێگری سەرۆکی پارتی موحافەزەکاری بەریتانیا، جاک لۆپریستی کە تیریزا مەی سەرۆکایەتی دەکات، لە گوتەیەکدا ئاماژەی بەوە دا کە مانگی رابردوو سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردووە و بەھۆی ھەوڵ و کۆششی ھێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش، سوپاسی ھێزەکانی پێشمەرگەی کرد.
لۆپریستی گوتیشی: "شەڕی ھێزەکانی پێشمەرگە دژ بە داعش، گرنگی زۆری بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی بەریتانیا ھەیە".
ناوبراو پرسیاری ئەوەی لە تیریزا مەی کرد کە ئایا حکوومەتی بەریتانیا چ پشتیوانییەکی بەرامبەر داواکاری گشتپرسییەکەی ھەرێمی کوردستان پێشکەش کردووە.
لە بەرامبەردا سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا تیریزا مەی ئاماژەی بەوە دا کە لەگەڵ ھاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی ناوچەکە و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێکەوە بەرەنگاریی داعش بوونەتەوە و گوتیشی: "داعش خاک لەدەست دەدات. هەنگاوەکانمان کاریگەری لەسەر رێکخراوەکە دروستکرد و گورزێکی گەورەی بە سەرچاوەی دارایی داعش گەیاند. ھاوکات سەردەستەکانیان کوژران و ورەی چەکدارەکانیان رووخا. دەمانەوێت رێککەوتنی سیاسی لە عێراق و نەبوونی زەمینەکی ئارام بۆ داعش لە سووریا ببینین".
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەبارەی رووداوەکانی دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان، رایگەیاند: "وەک حکوومەت ھەمیشە بە روونی ئاماژەمان بەوە کردووە کە قۆناغی سیاسی بۆ سەربەخۆیی پێویستە بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکرێت. دەمانەوێت رێککەوتنی سیاسی لە عێراق ببینین. بانگەوازی پشوودرێژی، ئەنجامدانی دیالۆگ و بەرەوپێشبردنی ئەم بابەتە بە رێگەی دانوستان لە گشت لایەنەکان دەکەین".