Ramal Mahmood
23 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2016
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دوای ئەوەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند کە پاشگەزبووەتەوە لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ پەیامنێرانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، خۆی چووە نووسینگەی رۆژنامەکە لە نیویۆرک و چاوپێکەوتنەکەی ئەنجام دا.
ترەمپ لە سەردانەکەی بۆ نووسینگەی رۆژنامەکە لە شاری نیویۆرک لەگەڵ کارمەندان، سەرنووسەران، دەستەی کارگێڕی و خاوەنی رۆژنامەکە، ئارسەر سوڵزبێرگەر کۆبووەوە.
بەپێی ئەو پەیامەی بەشداربووانی کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویان کردووەتەوە، کۆبوونەوەکە یەک کاتژمێر و ١٥ خولەکی خایاندووە و لە کەشێکی دۆستانەدا ئەنجام دراوە و ترەمپ لەتەنیشت سوڵزبێرگەر دانیشتووە.
لە سەردانەکەدا بابەتەکانی ئازادی پەرستشەکان، بیروبۆچوون و رۆژنامەوانی کە لە مادەی یەکەمی دەستووری ئەمریکادا هاتوون، هەروەها پرسی ئاشتی نێوان فەڵەستین - ئیسرائیل و رەوشی سووریا تاوتوێ کران.
ترەمپ لە سەردانەکەیدا گوتی: "رێزی بێپایانم هەیە بۆ رۆژنامەکەتان. هەست دەکەم مامەڵەیەکی ناشیاوم کردووە". هەروەها لە بارەی خوێندنەوەی رۆژنامە ترەمپ گوتی: "بەداخەوە رۆژنامە دەخوێنمەوە. ئەگەر رۆژنامەم نەخوێندبووایەوە، دەمتوانی ٢٠ ساڵ زیاتر بژیم".
ترەمپ ئاماژەی بەوە داوە کە ناچارن چارەسەرێک بۆ پرسی سووریا بدۆزنەوە و سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشاوە کە لەمبارەیەوە تێڕوانینێکی جیاوازی لە هەموو کەس هەیە.
ترەمپ لە کۆبوونەوەکەدا وەڵامی پرسیارێکی داوەتەوە لەبارەی ئەوەی کە ئەندامێکی بزووتنەوەیەکی راستڕەوی پەڕگیر دوو رۆژ لەمەوبەر لە کۆبوونەوەی واشنتۆن دی دسیدا بەشێوەی نازییەکان دەستی بەرزکردووەتەوە و سڵاوی کردووە، لەمبارەیەوە گوتی: "بەدڵنیاییەوە ئەوە رەت دەکەمەوە و ئیدانەی دەکەم".
ترەمپ هەروەها ئەوەیشی خستە روو کە لە قسەی خۆی پەشیمان بووەتەوە کە لەمیانی کەمپینەکانی هەڵبژاردن بانگەشەی ئەوەی دەکرد ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، هیلاری کلینتۆن دەخاتە زیندان.
دوای رەخنەگرتنی توند لە ترەمپ بەوەی رایگەیاندبوو کاندیدانی کابینەکەی "ئەو ئەمریکیانە دەبن کە داکۆکی لە دەستباڵایی سپیپێستەکان دەکەن"، ئاماژەی بەوە دا کە لەناو پاڵێوراوانی ناوخۆیی بۆ وەزیری کار و نیشتەجێکردن دکتۆری مێشک، بەن جارسۆن کە هاووڵاتییەکی رەشپێستی ئەمریکییە بە گونجاو دەزانێت.
ترەمپ دووشەممەی رابردوو رایگەیاندبوو کە لەگەڵ پەیامنێرانی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز کۆدەبێتەوە، بەڵام رۆژی سێشەممە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیبووی "بەهۆی گۆڕانی مەرجەکانی کۆبوونەوەکە لە دوا خولەکەکاندا، ناچمە چاوپێکەوتنەکە"، دواتر رایگەیاند کە دەچێتە چاوپێکەوتنەکە.