Abduljabbar Aburas
05 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2020
واشنتۆن - AA
کاندیدی پارتی کۆماری بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ داوای راگرتنی جیاکردنەوە و ژماردنی دەنگە ماوەکانی کرد کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا یەکلایی دەکاتەوە.
ئەم داوایەی دۆناڵد ترەمپ دوای گومانی لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هات کە هێشتا ئەنجامەکەی یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام کاندیدی پارتی دیموکرات، جۆ بایدن لە سەرکەوتن نزیکبووەتەوە ئەمەش دوای ئەوە هات کە تاوەکو ئێستا ٢٦٤ دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن مسۆگەر کردووە.
ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تویتەر نووسیوویەتی: "هیچ دەنگێک کە رۆژی دوای هەڵبژاردنەکان دراون، هەژمار ناکرێت.
رۆژی چوارشەممە، تیمی هەڵبژاردنی ترەمپ داوایەکی یاساییان بۆ راگرتنی جیاکردنەوەی و ژماردنی دەنگەکانی ویلایەتی پەنسیلڤانیا کرد.
ترەمپ لەبارەی ئەو داوایە رایگەیاند، سەرکەوتنی گەورەیان لەمبارەیەوە بەدەستهێناوە.
تاوەکو ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە هەریەک لە ویلایەتەکانی ئەلاسکا، نیڤادا، نۆرس کارۆلینا، جۆرجیا و پەنسیلڤانیا یەکلایی نەکراوەتەوە.
هاوکات تاوەکو ئێستا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە بەرژەوەندی هیچ کام لە هەردوو کاندید، دۆناڵد ترەمپ و جۆ بایدن یەکلایی نەبووەتەوە و بۆ بوون بە سەرۆک پێویستە لانی کەم ٢٧٠ دەنگ لە کۆی ٥٣٨ دەنگی ئەنجوومەنی هەڵبژاردن بەدەستبهێنن.