Dilara Zengin
13 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2020
واشنتۆن- AA
سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بڕیارنامەی قەدەغە کردنی وەبەرهێنانی هاووڵاتییانی ئەمریکا-ی لەو کۆمپانیا چینیانەی هاوکاری سوپای چین دەکەن، واژووکرد.
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکیدا جەخی لەوەکردەوە کە رۆژبەڕۆژ زیاتر سەرمایەی ئەمریکا بۆ کردنە سەرچاوەی فراوانکردنی دەزگای هەواڵگری و سوپای چین، قۆرخ دەکرێت و ئەمەشی وەک هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئەمریکا ناوبرد.
ترهمپ ئاشکراشیکرد کە پەکین، لەڕێی فشار خستنە سەر کۆمپانیا مەدەنییەکان بۆ هاوکارییکردنی سوپا و دەزگای هەواڵگری، توانیویەتی کەرتی سەربازیی گەشەپێبدات، ئەم کۆمپانیایانەش بە وەرگرتنی سەرمایە لە وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان داهاتی خۆیان زیادکردووە.
جێی ئاماژەیە بەپێی بڕیارنامەکە، چیتر کۆمپانیا و وەبەرهێنەرە ئەمریکییەکان ناتوانن بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لەگەڵ ئەو کۆمپانیا چینیانە کار بکەن کە یارمەتی سوپای چین دەدەن.
پلان وایە بڕیارەکە لە ١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١دا بخرێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و کاریگەرییەکی زۆر لەسەر کۆمپانیاکانی تایبەت بە کەرتی پەیوەندیی، ئاسمانیی، بیناسازیی و تەکنەلۆژیی دروست بکات.
راگەیاندنەکانی ئەمریکاش باس لەوە دەکەن وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە لیستێکی تایبەت بەو کۆمپانیا چینییانەی ئامادە کردووە کە ٣١ کۆمپانیا لە خۆ دەگرێت.