Eşref Musa,Mehmet Burak Karacaoğlu
30 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2023
ئیدلب - AA
ماوەی دوو رۆژە گەردەلوول ناوچەی کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای ئیدلب باکووری رۆژئاوای سووریای گرتووەتەوە و تا ئێستاش بەوهۆیەوە، دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە بەرپرسانی بەرگریی شارستانی ئیدلب (کڵاو سپییەکان) وەرگیراون، ماوەی دوو رۆژە گەردەلوول پارێزگای ئیدلبی گرتووەتەوە و بەوهۆیەوە بەشێک لە دیواری کەمپی ئاوارەکانی گوندەکانی باتەنتە و کوڕیین بەسەر دانیشتووانی ناو چادرەکاندا رووخاون.
ئەوەش خراوەتەڕوو کە بەهۆی داڕووخانی دیوارەکانەوە لە کەمپەکەی گوندی باتەنتە منداڵێک و لە کەمپەکەی گوندی قوڕیین کەسێکی پێگەیشتوو گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لە تەواوی کەمپەکانیش شەش هاووڵاتی برینداربوون کە سیانیان منداڵن.
تیمەکانی بەرگری شارستانیش بریندارەکانیان گەیاندە نەخۆشخانە.
بەڕێوبەری رێکخستنی دۆخی لە ناکاوی سووریا، محەمەد حەلاج لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوەی ئاشکرا کرد کە بەهۆی گەردەلوولەکەوە، ١١ پەناگە کە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکانی شەشی شوبات دروست کرابوون زیانیان بەرکەوتووە و لە ٦٠ کەمپیش، ٤٦٧ چادر کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە و هەزار و ٣٢٨ چادری دیکەش بەشێوەیەکی رێژەیی زیانیان بەرکەوتووە.
محەمەد حەلاج باسی لەوەش کرد کە نزیکەی ٣٢ هەزار کەس کە نیوەیان منداڵن گەردەلوولەکە کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانیان دروست کردووە.