Zana Natık Kerem
13 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2018
رامەڵڵا ــ AA
حکوومەتی فەڵەستین رایگەیاند کە بەرپرسیاریەتی تەواو لە بەردەوامی ھێرش و پەلامارەکان بۆ سەر کەرتی غەززە لە ئەستۆی ئیسرائیل دایە.
گوتەبێژی حکوومەتی فەڵەستین، یوسف مەحمود لە راگەیەندراوێکدا کە ئاژانسی ئانادۆڵو بەداوداچوونی بۆ کردووە ئاماژەی بەوە داوە، "حکوومەتی داگیرکەری ئیسرائیل لە رێگەی سیاسەتەکانی شەڕانگێز، وڵاتی ئێمە و ناوچەکە بەرەو مەترسی و گرژی پەلکێش دەکات".
یوسف مەحمود ھۆشداری دا لە بەردەوامی ھێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لەوەی کە لەوانەیە کۆمەڵکوژییەکی دیکە بەرامبەر بە گەلی فەڵەستین بکەوێتەوە.
لە دوێنێ دووشەممەوە سەرۆکی دەسەڵاتداریەتی فەڵەستین، مەحمود عەباس چەند پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ وەستاندنی ھێرش و پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەتی غەززە، ئەنجامداوە.
لە رۆژی یەکشەممەی رابردووە، سوپای ئیسرائیل لە ھێرشکردن و پەلاماردان بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە کە تا ئێستا ژمارەیەک ھاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون، ئەمە وێرای ئەوەی ژمارەیەک دامەزراوەی گرنگ و باڵەخانەی نیشتەجێبوون، ھەروەھا بارەگانی کەناڵی ئاسمانی ئەقسا سەربە بزووتنەوەی حەماس رووخاون.
دوێنێ ژوورە ھاوبەشەکانی لایەنە فەڵەستینییەکان رایگەیاندبوو کە وەک وەڵامێک بۆ ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، دەیان مووشەکیان ئاراستەی جوولەکەنشینەکانی ئیسرائیل کردووە.
بەپێی سەرچاوەکانی فەڵەستین، تا بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئاکامی پەلامارەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە کوژراون، بۆ ١١ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ھەشت کەس.
سەرچاوەکانی ئیسرائیلیش ئاشکرایانکردووە کە لە ئاکامی ئاراستەکردنی مووشەک لە کەرتی غەززەوە بۆ سەر ئیسرائیل، دوو ئیسرائیلی کوژراون و ٣١ی دیکەش برینداربوون.